ریال مه‌درید چاوه‌ڕێی ته‌له‌فۆنی پاریسه‌


ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

ئەستێرەی فەڕەنسی کیلیان ئێمباپێ، لە دۆخێکی ناخۆشدایە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیدارەی پاریس سانجێرمان، چونکە یانەکە دەیەوێت گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە یان بیفرۆشێت لەم هاوینەدا، بەڵام یاریزانەکە بە نیازە وەرزێکی دیکە لەگەڵ “PSG” یاریی بکات و پاشان بە خۆڕایی بڕوات.

رۆژنامەی “مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ”ی ئیسپانی نووسیویه‌تی، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا پەیوەندی نێوان ئێمباپێ و پاریس بە شێوەیەکی زۆر گرژ بووە، گەشتی ئەو یاریزانە بۆ کامیرۆن و لێدوانەکانی لەوێ، قەیرانەکەی زیاتر کردوە.

سه‌رچاوه‌كه‌ پێی وایە دۆخی ئێستای نێوان ئێمباپێ و یانەکەی لەم هەلومەرجەدا چارەسەر ناکرێت، ته‌نیا ئه‌گه‌ر گۆڕانکاری لەناکاو لە رووداوەکاندا رووبدات.

لای خۆیەوە یانه‌ی ریال مەدرید، كه‌ چاوی له‌سه‌ر ئێمباپێیه‌، بەبێ جوڵە سەیری شتەکان دەکات، پێی وایە سەرەتا دەبێت ئێمباپێ و پاریس بگەنە رێککەوتن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە، چونكه‌ تا ئەو کاتە یانەی شاهانە هیچ هۆکارێکی نییە بۆ دەستوەردان.

“پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو یانە تا رادەیەکی زۆر تێکچووە، ئه‌مه‌ش هه‌ر به‌هۆی ئێمباپێیه‌وه‌ بوو، به‌ڵام ئێستاش یانه‌ی ریال مه‌درید پابه‌نده‌ به‌ ئه‌ته‌كێتی گفتوگۆ و چاوه‌ڕێی پەیوەندییەکی سانجێرمان دەکات بۆ ئەوەی ئاگاداری بکاتەوە لە نرخی گواستنه‌وه‌ی ئێمباپی”، سه‌رچاوه‌كه‌ وای نووسیوه‌.

رۆژنامه‌ ئیسپانییه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌، ئه‌گه‌ر ئەم پەیوەندییەی نێوان هه‌ردوو یانه‌ رووبدات، دانوستانەکان لەسەر گواستنه‌وه‌ی ئێمباپێ دەستپێدەکەن.