ساڵانی داهاتوو بڕی هەناردەکردنی زیاد دەکرێت

هەناری هەڵەبجە هەناردەی ئیمارات، قەتەر و بەریتانیا دەکرێت

964+

ئاودێر عومەر– سلێمانی

هەزار و ٥٠٠ تۆن هەناری ناوخۆی کوردستان هەناردەی دەرەوە دەکرێت، یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێم دەڵێت، ئەو کارە نرخی هەنار لە ناوخۆدا بەرز دەکاتەوە.

964+بە پێی زانیاریی یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێم دەزانێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٥٠٠ تۆن هەنار هەناردەی وڵاتانی دوبەی، ئیمارات، قەتەر و بەریتانیا کراوە و رۆژی شەممەش هەزار تۆنی تر بۆ ئەو وڵاتانە هەناردە دەکەن.

شەێخ عەتا محەمەد، جێگری سەرۆکی گشتیی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێم بە 964+ـی راگەیاند؛ ئەمساڵ هەر ئەو بڕە هەناردە دەکەین و پلانمان هەیە لە ساڵانی داهاتوودا زیاتر هەناردە بکەین.

“لەبەر ئەوەی بڕی هەناری ناوخۆ زۆر نیە، هەناردەکردنی هەنار نرخەکەی لە بازاڕی کوردستاندا بەرز دەکاتەوە”، شێخ عەتا محەمەد وای وت.

لای خۆشییەوە ئازاد محەمەد، جوتیارە نموونەییەکەی شاری هەڵەبجە خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەو پڕۆسەیە بۆ 964+ دەربڕی و پێی وابوو ئەوە هاندانێکە بۆ جوتیاران تا لە ساڵانی ئاییندەدا بەرهەمی هەناریان زیاتر بکەن.