بەهۆی بڕیارێکی بانکی ناوەندییەوە نرخی دۆلار دابەزی

964+

توانا نەقی

بانکی ناوەندی عێراق بڕی گۆڕینەوەی دۆلاری بە نرخی هەرزان زیاد کرد بۆ ئەو کەسانەی کە گەشتی دەرەوەی وڵات دەکەن و بڕیارەکەش کاریگەری لەسەر نرخی دۆلار دروستکردووە.

دوێنی پێنجشەممە 6.7.2023، لە نوسراوێکدا عەمار خەلەف جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاند، لەبری گۆڕینەوەی دوو هەزار دۆلار، مانگانە سێ هەزار دۆلار بۆ هەر هاوڵاتییەک دەگۆڕنەوە کە گەشت دەکات.

جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەمڕۆ بازاڕ نییە کاریگەرییەکە رۆژی یەکشەمە بەتەواوەتی دەردەکەوێت بەڵام ئێستا 1000 دینار نرخی دۆلار دابەزیوە.

وتیشی چاوەڕێدەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا دابەزینەکە بگاتە 3000 دینارێک و نرخی 100 دۆلار بێتە خوار 145 هەزار دینارەوە.

ئەمڕۆ هەینی نرخی 100 دۆلار بەرامبەر بوو بە 147 هەزار و 250 دینار.

جەبار گۆران دەشڵێت ئەگەر بەتەواوەتی کار بەو بڕیارانە بکرێت ئەوە کاریگەرییەکە زۆر دەبێت و چونکە بەشێکی زۆر لە بڕیارەکانی پێشوو کاری پێنەکراوە ئەگینا دەبوو ئێستا نرخی دۆلار لە خوار 138 هەزارەوە بووایە.

بڕیارەکەبانکی ناوەندی لە رۆژی یەکشەممە 9.7.2023ـەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.