شەقامێکی سەرەکی لە هەولێر دادەخرێت

+964

سەعید محمد – هه‌ولێر

جادەی حەدیدو خەشەب لە هەولێر نۆژەن دەکرێتەوە، وتەبێژی پۆلیسی هەولێریش دەڵێ؛ لەم ماوەیەدا شوفێران دەتوانن سوود لە رێگای شۆڕش وەرگرن.

بڕیارە رۆژی شەممە ١٠ـی کانونی یەکەم، شەقامی حەدید و خەشب له‌ هه‌ولێر داخراو، دەستکرا بە نۆژەنکردنەوەی.

شەقامی حەدیدو خەشەب، لە شەقامی ٦٠ مەتری هەولیر لە گەڕەکی شۆڕش، بەنبەر مزگەوتی جەلیل خەیات دەستپێ دەکات تا دەگات بە شەقامی ٤٠ مەتری لە گەڕەکی زانایانی هەولێر، درێژییەکەی زیاتر لە سێ کیلۆمەتر دەبێت.

ئەو شەقامە، چەندان گەڕەکی بەسەرەوەیە کە دانیشتووانەکەی سوودی لێدەبینن، لەوانە گەڕەکی شۆڕش، گەڕەکی زانایان، کوێستان و عاردی مەلایان و جادەی سورچیان و گەرەکی ئاری.


فازل حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە +964ـی راگەیاند؛ لەلایەن شارەوانی هەولێره‌وه‌ ئه‌و شەقامە دووبارە قیرتاو دەکرێته‌وه‌، بۆیە بۆ ماوەیەک دادەخرێت و شوفێرانیش دەتوانن لەو ماوەیە رێگای بەدیل بەکاربهێنن لە شەقامە لاوەکییەکان هاتوچۆ بکەن یان شەقامی سەرەکی شۆرەش بەکاربهێنن.

زیاتر وتی “هەوڵدەرێت بە زووترین کات تەواو بکرێت، بەڵام ئەگەر گرفتی شکانی بۆری ئاو یان کێشەی تەکنیکی بێتە پێش تەواوکردنی دوادەکەوێت، ئەگەرنا خۆی ماوەکەی چەند رۆژێکە دەبێت تەواو بکرێت”.