قەرزەکانیان لەسەر کەڵەکە بووە و داوای گەڕانەوەی هەموویان لێ دەکرێت

پڕۆژەیەک بۆ دانەوەی قەرزی فەرمانبەران بە قیست دەدرێتە حکومەت

964+

سەعید محەمەد یونس – هەولێر

ئەنجوومەنی پاریزگای هەولێر، پڕۆژەیەک دەداتە ئەنجوومەنی وەزیران تا فەرمانبەران بتوانن قەرزی ئەو پێشینانەی وەریانگرتووە بە قیستی مانگانە بگەڕێننەوە، ئەنجوومەنی پارێزگا دەڵێ؛ ئێستا داوای هەموو قەرزەکە لە فەرمانبەران دەکرێت.

964+ لە زاری ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێرەوە دەزانێت، بە هۆی ئەوەی چەند ساڵێکی قەیرانی داراییەوە فەرمانبەران کەمتر قیستی پێشینەکانیان داوەتەوە، ئێستا لە بانکەکان داوای هەموویان لێ دەکرێت و ئەوانیش لای ئەنجوومەنی پارێزگا سکاڵایان کردووە.

ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە هەشتی کانونی یەکەم، پڕۆژەیەکی ئامادە کردووە و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی دەکات و داوا دەکات فەرمانبەران بتوانن بە قیست قەرزەکانیان بدەنەوە.

ڕزگار مستەفا، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە 964+ـی راگەیاند: لە پڕۆژەکەدا روونمان کردووە دەبێت رەچاوی بارودۆخی فەرمانبەران بکرێت و کارئاسانییان بۆ بکرێت بۆ گەڕانەوەی قەرزەکانیان بێ دروستکردنی فشار لەسەریان.