دوو جوتیاری كورد بە تاپڕ بریندارکران

964+
كوردستان ئەحمەد – هەولێر

ئێوارەی ئەمڕۆ بەهۆی كێشەی زەویەوە شەڕ لە نێوان دوو جوتیاری كورد و چەند جوتیارێكی عەرەبدا لە قەزای داقوق دروست بوو، جوتیارە كوردەكان بە سەختی بریندارکران، سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش دەڵێت، لەلایەن کەسانی دەستڕۆیشتووەوە ئەنجام دەدرێت.

عەبدولقادر محەمەد ئەحمەد، یەكێكە لەو جوتیارانەی كە لێیدراوە، بە 964+ی وت، “ئەمڕۆ چوینە سەر زەوییەکەمان بۆ ئەوەی بیكێڵین، چەند جوتیارێكی عەرەبی هاوردە هێرشیان کردە سەرمان و ویستیان زەوییەکانمان بکێڵن و داگیری بکەن”.

ئەو وتی، هاوڕێیەکی بە تاپڕ بریندارکراوە و خۆیشی بە ساچمە بریندارکراوە، وتی “ئێستا تەندروستیم خراپە”.

دوای رووداوەكە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا وتی، “داوا لە بەڕێزان سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدرال دەکەم بە پەلە کۆتایی بە پەلاماردان و دەستدرێژیکردنە سەر جووتیارانی کورد لە سنووری داقوق و ناوچەکانی دیکەی کەرکووک بهێنن کە لەلایەن کەسانی دەستڕۆیشتووەوە ئەنجام دەدرێت”.

هەروەها باسی لەوە کردووە، کە ئەو رەفتارانە “دژ بە بڕگەکانی مادەی ١٤٠ن” و پێویستە دام و دەزگا پەیوندیدارەکانی حکومەتی عێراق رێکاری بەرانبەر بگرنە بەر.

چەند ساڵێکە، كێشەی زەوی و زار لە كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان زیاتر بووە.

عەبدولقادر محەمەد ئەحمەد، یەكێكە لەو جوتیارانەی كە لێیدراوە