دوێنێ شەو چی روویدا؟

قسەکانی ترەمپ بۆ گەلی ئەمریکا و هێرشەکانی سەر ئێران و درۆنەکانی ئاسمانی هەولێر

مستەفا نەهرۆ

هەر لەو قسانەی ترەمپ بۆ گەلی ئەمریکای کرد و تۆمەتبارکردنی چین بە تێوەگلان لە دۆسیەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و هێرشەکان بۆ سەر ئێران و وەستانی کێڵگەی کۆرمۆر و تا سەرەگرتنی غاز لە بەنزینخانەکان و زۆر هەواڵی تر، کورت و پوخت دوێنێ شەو چی روویدا لێرەیە…

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، وتارێکی پێشکەش بە گەلی ئەمریکا کرد و ئەمە گرنگترین و پوختەی قسەکانییەتی:

– مۆری نهێنی لەسەر ئەو زانیارییە هەواڵگرییانە لادەبەم کە پەیوەندییان بە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانەوە هەیە، پاش ئەوەی بۆ چەندین ساڵ شاردرابوونەوە.

– لە هەڵبژاردنی 2020ـدا، چین توانیویەتی دەستی بگات بە داتای 20 ملیۆن دەنگدەر، چین تێوەگلاوە لە چەندین دۆسیەی پەیوەست بە هەڵبژاردنەکانی 2020.

– چین لە هەڵبژاردنی 2020ـدا، هەوڵی داوە ژمارەی ئەو دەنگدەرانە کەم بکاتەوە کە لە بەرژەوەندیی من دەنگیان داوە.

– بریکارەکانی ناو نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی FBI هەوڵیان داوە ئەو بەڵگەنامانە بشارنەوە کە پەیوەندییان بە دەستوەردانی چینەوە هەیە لە هەڵبژاردنەکاندا.

– بەم زووانە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانە ئاشکرا دەکەین کە لەسەر دزەکردنە ناو ژێرخانی هەڵبژاردنەکان و دەستکاریکردنیان ئەنجام دراون.

– پێویستە کۆنگرێس یاسایەک پەسەند بکات کە سەلماندنی ناسنامەی دەنگدەران بکاتە ناچاری.

– ئێمە لە جەنگی دژی ئێراندا سەردەکەوین و بەم زووانەش ئەنجامەکان دەردەکەون.

– مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق خەڵاتی 10 ملیۆن دۆلاری لەسەر سەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دانا و دەڵێت: پارەکە لەلایەن دڵسۆزان و لایەنگرانی بەرەی موقاوەمەوە کۆکراوەتوە

– فەرماندەی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم): فڕۆکەی جەنگی، درۆن و کەشتیی جەنگیمان بەکارهێناوە بۆ پێکانی دەیان ئامانجی سەربازیی ئێران.

– سێنتکۆم: بەردەوامین لە تێکشکاندنی توانا سەربازییەکانی ئێران.

– وەزارەتی ناوخۆی قەتەر: لە ئەنجامی بەرپەرچدانەوەی هێرشێکی ئێران و کەوتنەخوارەوەی پارچەی موشەک، منداڵێک بریندار بووە.

– میدیاکانی ئێران: لە نوێترین شەپۆلی هێرشەکانی ئەمریکادا، پێنج پرد لە باشووری وڵاتەکە کراونەتە ئامانج.

– سوپای ئوردن: توانیویانە بەرپەرچی سێ موشەکی ئێرانی بدەنەوە کە ئاراستەی خاکی وڵاتەکەیان کرابوون، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێ بکەوێتەوە.

– میدیاکانی ئێران: دەنگی چەندین تەقینەوە لە شاری بوشەهر بیستراوە.

– میدیاکانی ئێران: بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکاوە بۆ سەر پردەکانی قەزای خەمیر لە پارێزگای هورمزگان، دوو کەس کوژراون و چواری تریش بریندار بوون.

لە ناوخۆی کوردستانیش ئەم روودانەوە هەبوون و بیزانن:

– هەر لەگەڵ راگەیەندراوەکەی کۆمپانیای دانەغاز و وەستانی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر، لە زۆربەی گەڕەکەکانی هەرێمی کوردستان و شوێنە گشتییەکان کارەبای نیشتمانی کوژایەوە.

– هەر زوو وەزارەتی کارەبا هاتە سەرخەت و رایگەیاند، بەرهەمهێنانی کارەبا بە بڕی 2500 مێگاوات کەمی کرد.

– لەدوای ئەمانەش، لە زۆربەی شارەکانی کوردستان سەرەگرتن بۆ غاز دەستیپێکردەوە و هاوڵاتییان لە بەنزینخانەکان سەرەی دووردرێژیان گرت بۆ پڕکردنەوەی غاز لە ترسی نەمانی.

– سەرۆکی لیژنەی غاز لە سلێمانی بۆ 964 وتی، تکا لە هاوڵاتیان دەکەین ئەزمە دروست نەکەن، چونکە خەزنێکی زۆری غاز لە سلێمانیدا هەیە و کێشەی کەمیی غازمان نییە.

– هەر ئەم بەیانییە، دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە کاتژمێر 04:19 تا 05:25، هێزەکانی هاوپەیمانان هەشت درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە ئاسمانی هەولێر تێکشکاندووە و هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە.