"مزگەوتەکان تێکەڵ و نزیکی یەکترن"

لە کۆی 39 مزگەوتی کۆیە و تەقتەق وتاری هەینی لە 13 مزگەوت راگیرا

دەریا ئەحمەد – کۆیە

لە سنووری هەردوو قەزای کۆیە و تەقتەق وتاری هەینی لە 12 مزگەوت راگیراوە و بەڕێوەبەری ئەوقافیش دەڵێت “دەبوایە زووتر ئەم کارەمان بکردبایە”.

راگیرانی وتارەکان لە کۆبوونەوەیەکی ئەمڕۆ سێشەممەی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی کۆیە و بە ئامادەبوونی مامۆستایانی ئایینی کۆیە و تەقتەق، بڕیاری لەسەر دراوە،

عەبدوڵا ئەنوەر، بەڕێوەبەری ئەوقاف و کاروباری ئاینی کۆیە بە 964ـی وت، ئەم بڕیارە بەپێی یاسا و رێنماییەکان دەرکراوە، ئەمەش بەهۆی تێکەڵی و نزیکی مزگەوتەکان لەیەکتری، ئەمەش وایکردبوو نوێژخوێنان لەناو مزگەوتەکەی خۆیان گوێیان لە وتاری مزگەوتێکی تر دەبوو و دەڵێت “ئەمەش نا شەرعیە و رێگەپێدراو نیە و نوێژەکەشیان دروست نیە”.

وتیشی “ئێمە کەمتەرخەم بووین کە تاوەکو ئێستا ئەم بڕیارەمان دەرنەکردبوو چونکە ئەمە لە دەرەوەی رێنماییەکانە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە دیارکردنی مزگەوتەکان بە شێوەیەکە ئەگەر سێ مزگەوت لەیەکەوە نزیک بن ئەوان تەنیا مزگەوتەکەی ناوەڕاستیان هێشتۆتەوە و دەشڵێت “چاودێری دۆخەکەش دەکەین ئەگەر زانیمان قەرەباڵغی زۆر دروست دەبێت چەند مزگەوتێکی دیکەش لەوانەی کە وتارمان تێدا وەستاندووە ، دەیانکەینەوە”.

بە قسەی بەڕێوەبەری ئەوقاف، بەشێک لەو شوێنانەی وتاریان تێدا دەدرا مزگەوت نەبوون بەڵکو تەنیا شوێنی نوێژکردن بوون بەڵام خۆیان وتاری هەینیان بۆ زیادکردووە.

لە کۆیە لە 31 مزگەوت 10 شوێن وتاری تێدا راگیراوە و لە تەقتەقیش لە کۆی هەشت مزگەوت سێ مزگەوت، بەڕێوەبەری ئەوقافیش دووپاتیدەکاتەوە کە  مامۆستایانی ئایینی ئەم مزگەوتانە کێشەیان لەگەڵ ئەم بڕیارە نیە و پابەند دەبن پێوەی.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن