ئاکرێ ژمارەیی پێوانەیی لە پشکنینی پزیشکی تۆمار دەکات

964+
زەید کۆچەر – دهۆک

تەندروستی ئاکرێ رایگەیاندووە، لە ماوەی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە دوو نەخۆشخانەی ئاکرێ، ژمارەی پێوانەییان لە پشکنینی پزیشکی تۆمارکردووە.

ئەو پشکنینانەی ئەنجامدراون، لە هەردوو نەخۆشخانەی گوڵان و منداڵبوونی ئاکرێ بوون، ژمارەیان 51 هەزار و 809 پشکنین بووە.

نێچیرڤان فەخرەدین بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی ئاکرێ بە 964ی راگەیاند، مانگی شەش هەردوو نەخۆشخانەکە ژمارەی پێوانەییان تۆمارکردووە، بەڵام لە پێنج مانگی رابردوودا 200 هەزار پشکنین تۆمارکراوە، بە جۆرێک بۆ هەر مانگێک 40 هەزار پشکنین دەبێت.

بە گوێرەی تەندروستی ئاکرێ، زۆرترینی رێژەی ئەو پشکنینانەی ئەنجامدراون TSH ,GUE, S.virology,lipid,Vitamin D,CBC,RFT ,Ferritin بوون.

قەزای ئاکرێ دوو نەخۆشخانەی گشتی هەیە، ئەوانیش نەخۆشخانەی گوڵانی گشتی و نەخۆشخانەی منداڵبوونە، هەروەها 20 بنکەی تەندروستی هەیە.

ئاکرێ لە ساڵی 1887 بووەتە قەزا و 246 گوند و سێ ناحیە لە خۆدەگرێت، ئەوانیش ناحیەکانی بجیل، دینارتە و گردەسێنە، ژمارەی دانیشتووانی دەگاتە 221 هەزار کەس.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی