دەیان ژن لای مەحکەمە جل دەفرۆشن

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

زیاتر لە ٣٠ ژن لە نزیك دادگای كۆنی سلێمانی جلوبەرگی كۆنە دەفرۆشن و ماڵ و منداڵیانی پێ بەخێو دەکەن.

چنور کەریمی تەمەن ٤٥ ساڵ ماوەی سێ ساڵە خەریکی فرۆشتنی جلی کۆنەیە لەناو بازاڕی شاری سلێمانی وهیچ دوکانێکیان نییە، چنور دەڵێت ئەو خاوەنی چوار منداڵە و هاوسەرەکەی مردووە و منداڵەکانی خوێندکارن و ناتوانێت بژێوی ژیانیان بەم کارە پەیدا بکات، مەگەر خزم و کەس و کارەکەی یارمەتی بدەن.

ئەو ژنانە لەسەر شەقامەکان جلەكان دادەنێن و هاوڵاتیان دەتوانن سەیری بكەن و هەرشتێكیان بەدڵ بوو بیكرن.

گوڵە محەمەد، ژنێکی ترە و خەڵکی هەڵەبجەیە و خاوەنی سێ منداڵە و هاوسەرەکەی مردووە، کوڕێکی هەیە کە نەخۆشی درێژخایەنی هەیە، دەڵێت، جلی کۆنەی خەڵک دەکڕنەوە بە نرخێکی کەم و خۆیان دەیفرۆشنەوە بە قازانجێکی کەم.
كڕیارەكان زیاتر عەرەب و ئەو کوردانەن کە باری داراییان باش نییە و ناتوانن جلی تازە بکڕن، بۆیە دەچنە لای ئەوان.

بە قسەی خۆی، گوڵە یەکەم کەس بووە لە ناو بازاڕی سلێمانی جلی کۆنەی فرۆشتووە و هیچ دوکان و شوێنێکی نەبووە، کاتێک قوباد تاڵەبانی ئەوی بینیوە بڕیاری داوە شوێنێکیان بۆ دابین بکات کە چەند چەترێک و چەند کورسییەکی لێیە و بەمەش جلەکانیان تەڕ نابێت.

ژمارەی ئەو ژنانەی لەوێ ئیش دەکەن ٣٠ کەس دەبێت.

نرخی جلوبەرگەکانیان جیاوازە و لە ٢٥٠ دینارەوە دەست پێدەکات بۆ هەزار و ٥٠٠ دینار.