ژماردنی دۆلار لەیەن کەسێک لە بازاڕەكانی دۆلار لە كوردستان _ وێنە: 964
وابڕوات دۆلار دەبێتە 150 هەزار دینار
964+
فەرمان سادق
بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار لە بەرزبوونەوەی بەردەوام دایە و شارەزایەکیش دەڵێت، وابڕوات دەگاتەوە بە 150 هەزار دینار.
ئەمڕۆ سێشەممە 4.7.2023، بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕی بۆرسەی هەولێر بە 148,250 دینار دەفرۆشرا، ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ دووشەممە بە 147,700 دینار بوو.
ئەو هەڵکشانە هاوکاتە لەگەڵ خستنەڕووی کەمی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندی بۆ بازاڕی ناوخۆی عێراق.
بانکی ناوەندی ئەمڕۆ سێشەممە تەنیا 16 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە، هاوکات دوێنێش 21 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە کە لەکۆی سەرووی 457 ملیۆن دۆلار کە لەم دوو رۆژەدا فرۆشتوویەتی.
ئەمڕۆ بانکی ناوەندی 230 ملیۆن و 299 هەزار دۆلاری فرۆشتووە، دوێنێش 226 ملیۆن و 712 هەزار دۆلاری فرۆشتووە، بە هەردوو رۆژ تەنیا 37 ملیۆن دۆلاری بۆ بازاڕی ناوخۆ فرۆشتووە و ئەوەی تری بووەتە حەواڵەی بازرگانی بۆ دەرەوەی وڵات، بەمەش دەردەکەوێت کە بانکی ناوەندی تەنیا رێژەی 8%ـی دۆلاری بە ناوخۆ فرۆشتووە.
کەیفی خۆشناو، وتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر بە 964ـی وت، هۆکاری سەرەکی هەڵکشانی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، کەم خستنەڕووی دۆلارە لەلایەن بانکی ناوەندی بۆ بازاڕی ناوخۆ.
دەشڵێت: ئەگەر بەمجۆرە بەردەوام بێت ئەوا ئەگەری هەیە دۆلار بگاتەوە بە 150 هەزار دینار.