دوای پێنج مانگ بەسەر بڕیارەکە

سەرووی هەزار تابلۆ کراون بە کوردی

فەهمی نەبی

پێنج مانگ دەبێت بڕیاری گۆڕینی تابلۆی دوکانەکان بۆ زمانی کوردی دەرچووە، بەڵام شارەوانی هەولێر دەڵێت، تا ئێستا هەزار و 187 دوکان و شوێنی بازرگانی تابلۆکانیان کراون بە کوردی.

ئەمڕۆ دووشەممە شارەوانی هەولێر رایگەیاند، لە 16.3.2023 نوسراویان بۆ هەر شەش شارەوانیەکەی سنووری پارێزگای هەولێر کردووە و ئاگادارکراونەتەوە کە دەبێت ناوی تابلۆ و دوکان و خوێندنگەکان ئەوانەی بە زمانی بیانین پێویستە بگۆڕدرێن بۆ زمانی کوردی.

سیامەند کەریم، وتەبێژی شارەوانی هەولێر دەڵێت، سەرەتا وەسڵێک بەدوکان و ئەو شوێنە دەدرێت کە تابلۆی داناوە، ئەگەر دوای یەک رۆژ نەیگۆڕێت تیمی شارەوانی تابلۆکە لادەدات.

رۆژی 21.2.2023 سەرۆکی حکومەتی هەرێم بڕیاریدا، بۆ لەمەودوا پێویستە شوێنە بازرگانی و قونسوڵخانەکان تابلۆکانیان بگۆڕن بۆ زمانی کوردی، دوای ئەو بڕیارە پارێزگای هەولێر 35 رۆژ مۆڵەتی دا بە دوکان و شوێنە بازرگانی و قونسوڵخانەکان بۆ ئەوەی تابلۆکانیان بگۆڕن، بەڵام دوای پێنج مانگ هێشتا بەشی هەرە زۆری تابلۆکان نەگۆڕدراون.