"چوار بەنزینخانە چووم بەنزینم دەست نەکەوتووە"

پێش نیوەڕۆ بەنزینی 750 دیناری تەواو بوو و شۆفێران گلەییان هەیە

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

سیستمی تاک و جووتیش کێشەی وەرگرتنی بەنزینی لە سلێمانی چارەسەر نەکردووە و هێشتا سەرەی دوورودرێژ بۆ وەرگرتنی بەنزینی 750 دیناری دەگیرێت، سەرەڕای ئەوەش هەندێک لە شۆفێران بەریان ناکەوێت و گلەیی و گازندەیان هەیە.

ئەمڕۆ لە یەکێک لە بەنزینخانەکان کە لە تەنیشت فامیلی مۆڵی سلێمانییە، سەرەکە هێند درێژبوو کە ئۆتۆمبێل بە دەور تا دەوەری فامیلی مۆل وەستابوو، نەگەیشتە کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆ بەنزینەکە تەواو بووە و هەندێک لە شۆفێران بە تانکی بەتاڵەوە رۆیشتنەوە ماڵەوە.

یەکێک لەو شۆفێرانە بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ چوار بەنزینخانە چووم، بەنزینم دەست نەکەوتووە”.

ئەوەش لەکاتێکدایە دوو هەفتە زیاترە دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری لە سلێمانی کراوە بە سیستمی تاک و جووت و رۆژانە 16 بەنزینخانە ئەو جۆرە بەنزینە دەدەن بە شۆفێران.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری