یەکێتیی زانایان دەڵێت "قسەکەی بێڕێزییە"
ئەو ژنەی “فرەژنیی بە جۆرێک لە لەشفرۆشی” ناوبرد دەدرێتە دادگا
یەکێتیی زانایان؛ قسەکەی بێڕێزییە
+964
سەرەڕای ئەوەی روونکردنەوەی داوە کە قسەکەی بەمەبەستی بەکارهێنراوە، لقی سلێمانی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلام، ئەو ژنە چالاکوانەیان داوە بە دادگا کە “فرەژنیی بە جۆرێک لە لەشفرۆشی” ناو بردبوو، دەڵێن ئەو قسەیە ناوزڕاندنە.
شیلان حەمەنووری، چالاکوان و داکۆکیکار لە مافی ژنان پیشتر رایگەیاندبوو، “فرەژنی جۆرێکە لە لەشفرۆشی”، ئەوەش کاردانەوەی زۆری لێ کەوتەوە بەتایبەت لە لایەن مامۆستایانی ئایینیەوە.
ئەو چالاکوانە لە روونکردنەوەیەکدا لەسەر ئەو پرسە باسی لەوە کردووە، بە هیچ شێوەیەک مەبەستی ناوزڕاندن نەبووە و قسەیەکەیان بە مەبەستی تر بەکار هێناوە.
دەشڵێت؛ جیهادیان لەسەر راگەیاندووە و پاراستنی گیانی خۆی و کەسوکاریشی خستووتە ئەستۆی ئەوانەی سکاڵایان لەسەر تۆمار کردووە.
لە بەرامبەردا لقی سلێمانیی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلام ئەو قسانەی ئەو “بە بێڕێزی” ناو دەبەن و سکاڵایان لەسەر تۆمار کردووە.
لە راگەیەندراوێکی یەکێتییەکەدا کە کۆپیەکی دەست +964 کەوتووە؛ هاتووە: “ئەو قسانەی خاتوو شیلان بێڕێزییە بەرامبەر هەدوو رەگەزی نێر و مێ، کە بە جۆرێک لە لەشفرۆشی ناوزەندی کردوون، کە ئەمە ناوزڕاندنی هەموو ئەو تاک و خێزانانەیە کە ئەو پرۆسەیەیان ئەنجام داوە.”