یوێفا به‌ هۆی چێڵسییه‌وه‌ یاساكانی یاریی خاوێن ده‌گۆڕێت

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا گۆڕانکاری لە یاساكانی دادپەروەری دارایی “یاریی خاوێن” راگەیاند.

بە گوێرەی ماڵپەڕی “فوتبۆڵ ئیتاڵیا” ئەو گۆڕانكارییانه‌ له‌ یاسای یاریی خاوێن، به‌خۆی شێوازی كاركردنی یانه‌ی چێڵسیی ئینگلیزی بووه‌ لە وەرزی رابردوودا، كە گرێبەست له‌گه‌ڵ یاریزانە نوێیەکان ده‌كات به‌ گرێبەستی درێژخایەن، كه‌ رێگەیان پێدەدات لە یاسای یارییە داراییە دادپەروەرەکاندا رزگاریان بێت.

مانگی یەکی ساڵی ڕابردوو چێڵسی گرێبەستی بۆ 6 و 7 و 8 ساڵ لەگەڵ یاریزانی نوێدا كرد، بۆ ئەوەی بەهای گرێبەستەکە بەسەر ژمارەیەکی زیاتری ساڵدا دابەش بکرێت و به‌ قیستی ماوه‌ درێژ پاره‌یان پێبدات

فیدراسیۆنی ئه‌وروپا (یوێفا) رایگەیاند، دوورترین سنوور بۆ گرێبەستەکان لە یاسای نوێی یاریی خاوێندا، بۆ ماوەی 5 ساڵ دەبێت، تەنانەت ئەگەر گرێبەستی نێوان یانەکە و یاریزانەکە لەوەش درێژتر بێت.

بڕیاره‌كه‌ له‌مه‌ودوا به‌ شێوه‌یه‌كی په‌یژه‌یی ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنی ده‌كرێت و گرێبه‌سته‌كانی ئێستا ناگرێته‌وه‌، هەروەها فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بڕیاری دا یانەکان پابەند بکات، کە تێچووی خەرجکردنی مووچە و گرێبەسته‌كانیان نابێت لە 70%ی داهاتی یانەکە زیاتر بێت.

ئەم بڕیارە تا وەرزی 2025-2026 بە تەواوی جێبەجێ ناکرێت، بەو پێیەی وردە وردە لە وەرزی 2023-2024 بە رێژەی 90% جێبەجێ دەکرێت، لە وەرزی 2024-2025ش بە رێژەی 80%.