لەماوەی 6 مانگدا 21 هاوڵاتی لە هەرێم خنکاون

964+

فەهمی نەبی

بەپێی بەدواداچوونی تۆڕی 964 لەماوەی شەش مانگی رابردوودا، ئەوانەی گشتیاری دەرەوەی هەرێم بوونە و ئەوانەشی هاوڵاتیانی هەرێم بوونە لە رووبار و زێیەکانی ناوچەی جیاوازەکانی هەرێم خنکاون ژمارەیان 21 کەس بوونە.

دواین رووداوی خنکان، ئەمڕۆ چوارشەممە، یەکەم رۆژی جەژنی قوربان لە رووباری باڵەکایەتی بوو، منداڵێک خنکا کە خێزانەکەیان لە ئەنبارەوە بەمەبەستی گەشتیاری هاتبوونە ناوچەکە.

بەدواداچوونی 964 دەریدەخات، لەماوەی شەش مانگی رابردووی ئەمساڵ، 14 هاوڵاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و حەوت هاوڵاتی گەشتیاری عەرەب لەهەریەکە لە رووبار و زێییەکانی پارێزگای سلێمانی و دهۆک خنکاون.

ئەو هاوڵاتییە بیانییانەی لەماوەی شەش مانگی رابردوودا خنکاون ژمارەیان حەوت کەس بووە بەمجۆرەیە:
-رۆژی 29.4 خێزانێکی گەشتیاری شاری نەجەف بەڕێگاوە بوون بۆ شاری سلێمانی بەمەبەستی گەشتیاری، ئۆتۆمبێڵەکەیان کەوتە ناو پڕۆژەی ئاوی داقوق و دوو لە سەرنشینەکان خنکان.
-رۆژی 2.6.2023 هاوڵاتییەکی هاوڵاتییەکی بەرەگەز عەرەب لە چەمی خەمەڵوکەی قەزای ماوەت خنکا.
-رۆژی 12.6 گەشتیارێکی عەرەب بەناوی یاسر عامر، لە گەلی مازی ناحیەی چەمانکێ خنکا.
-رۆژی 26.6 گەشتیارێکی عەرەب و کرێکارێکی نیپالی لە ئاوی کونەماسی خنکان.
-ئەمڕۆ 28.6 لە رووباری باڵەکایەتی منداڵێکی گەشتیار خنکا.

ئەو هاوڵاتییانەی دانیشتووی هەرێمی کوردستانن و لەماوەی شەش مانگی رابردوودا خنکاون بەمجۆرەیە:
-رۆژی 4.3.2023 دایک و منداڵێک لە رووباری خازر خنکان.
-رۆژی 21.3 یەکەم رۆژی نەورۆز هاوڵاتییەک بەناوی سامان عەبدوڵا لە دەریاچەی دەربەندیخان خنکا.
-رۆژی 23.3 منداڵێک لە زێی گەورە خنکا.
-رۆژی 2.6 هاوڵاتییەک لە قەزای ماوەت خنکا.
-رۆژی 12.6 گەنجێکی تەمەن 21 ساڵ بەناوی محەمەد فەریق خنکا.
-رۆژی 16.6 گەنجێکی تەمەن 17 ساڵە خەڵکی قەزای بەردەڕەش لە رووباری خازر خنکا.
-رۆژی 15.6 دوو گەنج کە برای یەکتر بوون لە گۆمێکی رووباری گەلی عەلی بەگ خنکاوە.
-رۆژی 23.6 گەنجێکی تەمەن 17 ساڵە بەناوی عەمار فواد، لە ئاوی زێی گەورە خنکا، هەمان رۆژ لە زێی بچووک گەنجێک بەناوی کاروان عەلی خنکا.
-رۆژی 25.6 گەنجێکی تەمەن 19 ساڵە لە رووباری خابوور خنکا.
-رۆژی 26.6 دوو مێرمنداڵ لە رووباری خابوور خنکان.