عەجاجی تاوانبار
دادگاى پێداچوونەوە:
بڕیارى لەسێدارەدان بەسەر “عەجاج” پەسەند کرا
964+
وریا فەتاح
دادگای پێداچوونەوەى عێراق سزای لەسێدارەدانی بۆ عەجاج ئەحمەد حەردان پەسەند کرد، دوای سەلماندنی تاوانەکانی دەرهەق بە قوربانیانی ئەنفال.
دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی عێراق، سزای لەسێدارەدانی بە هەڵواسین تا مردن بۆ تاوانبار (عەجاج ئەحمەد حەردان) پەسەند کرد، کە تێوەگلاوە لە تاوانەکانی جینۆساید، کوشتن و دەستدرێژیکردنە سەر ژن، پیاو، گەنج و منداڵى کورد لە زیندانى نوگرە سەلمان.
دادوەر سەعد لامی، سەرۆکی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە لێدوانێکدا رایگەیاند، تاوانبارەکە بەرپرسیارە لە جینۆسایدکردن و بەئامانجگرتنی ئەو هاوڵاتییە سڤیلە کوردانەی کە لە پرۆسەی ئەنفالدا دەستگیرکرابوون.
بەپێی وتەی سەرۆکی دادگاکە، (عەجاج حەردان) تاوانی دڕندانەی لە زیندانی نوگرە سەلمان ئەنجامداوە، کە خۆی دەبینێتەوە لە: برسی و تینووکردنی زیندانییان، ئەشکەنجەدان تا مردن، لەگەڵ تاوانی دەستدرێژیکردنە سەر ژمارەیەک لە ژنان.
دوای پەسەندکردنی بڕیارەکە، دۆسیەکە رەوانەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق دەکرێت بۆ ئەوەی مەرسومی کۆماری بۆ جێبەجێکردنی سزاکە دەربکرێت.
پێشتر لە 14ـی ئایاری رابردوودا دادگای باڵای تاوانەکان سزای لەسێدارەدانی بۆ ئەو تاوانبارە دەرکردبوو، بەڵام ئێستا بە پەسەندکردنی لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە، بڕیارەکە پلەی کۆتایی و بنبڕی وەرگرت.