تا ئێستا بڕیارەکە نەگەیشتووەتە دانیشتوانی پڕۆژەکان

پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە سلێمانی داوای قەرەبوو لە دانیشتوانەکەیان دەکەن

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

بەهۆی ئەوەی لە دانانی سیستمی کارەبای پریپەیددا زەرەرمەند بوون، نۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوون داوای پارەی قەرەبووی کارەبا لە دانیشتوانەکانیان دەکەن، بڕیارەکە قائیمقامییەت داویەتی و ئەنجوومەنی پارێزگاش لێی دەکۆڵێتەوە.

+964 دەزانێت، پڕۆژەکانی شاری گۆیژەی ٣، گوندی ئەڵمانی ٣، گاردن سیتیی ٣، دریم لاند، ئاسۆی گەش، نەوژین سیتی و هەواری زانکۆ، لەو پڕۆژانەن کە سیستەمی کارەبای پریپەیدیان بۆ دانراوەو قایمقامیەتی سلێمانیش ١٠ رۆژ پێش ئێستا بڕیارەکەی دەرکردووە.

بەناز عەزیز عەباس، سەرۆکی لیژنەی سیتییەکان لە قائیمقامییەتی سلێمانی بە +964ـی راگەیاند؛ ئەو پڕۆژانە کاتێک کارەباکەیان بووە بە پریپەید، گازوایلیان بۆ مۆلیدەکان کڕی بوو، دەڵێن لەوەدا زەرەریان کردووەو بۆیە داوای ئەو قەرەبووەیان کردووە.

زیاتر وتی “قەرەبووەکە تەنیا بۆ مانگی شەش و حەوتی ئەمساڵە”.

964+  لە زاری رەمەزان نامیق، سەرۆکی لیژنەی پلان و پڕۆژەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییەوە دەزانێت، هەر دانیشتووێکی ئەو پڕۆژانە دەبێت بڕی ١٠ تا ٣٠ هەزار دینار وەک قەرەبوو بداتە کۆمپانیاکان

زیاتر وتی “ئەو پرسە لە گفتوگۆدایە لەنێوان قایمقامیەت و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، تا ئێستا بڕیاری کۆتایی پێ دەرنەچووەو ئاراستەی دانیشتوانی ئەو پڕۆژانە نەکراوە، چاوەڕێی ئەوەش دەکەین دوای ناردنی ناڕەزایەتییەکی زۆر دروست ببێت”.