سکاڵایەک دژی حکومەتی عێراق تۆمار کرا

داوای نەوت و غاز و بەنزین دەکرێت بۆ هەرێم

964+

پێشەوا محەمەد

دژی هەناردەنەکردنی سووتەمەنی پاڵپشتیکراو بۆ هەرێم لە لایەن بەغداوە، سکاڵایەک دژی وەزارەتی نەوت و حکومەتی عێراقی تۆمارکرا.

سکاڵاکە دوێنێ دووشەممە 26.6.2023 لە دادگای فیدڕاڵی عێراق تۆمارکراوە.

حکومەتی عێراق لیترێک بەنزین بە 450 دینار و لیترێک نەوت بە 150 دینار و بتڵێک غازیش بە پێنج هەزار دینار بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومی بە هاوڵاتیان دەفرۆشێت.

“ماوەی سێ مانگە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە ناکرێت و بە پێی دەستوور لەسەر حکومەتی عێراقە بە نرخی پاڵپشتیکراوە ئەو سووتەمەنیانە بۆ هەرێمیش بنێرێت”، ئەوە قسەی غالب محەمەد، پەرلەمانتاری خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە بۆ 964.

سکاڵاکە لە لایەن غالب محەمەد و مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی هەرێم تۆمارکراوە.

ناوبراو وتیشی، “گەشبینین کە سکاڵاکە لە دادگای فیدڕاڵی ببەینەوە و حکومەتی عێراق بە ناردنی سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هەرێم پابەند بکرێت”.