یەکەمین چالاکی تیمی وەرزشی گەرۆک ئەنجامدرا
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
لە دوای راگەیاندنی پڕۆژەیەک بۆ خزمەتی گەنج و لاوانی لادێکان، بەرێوەبەرایەتی وەرزشی سلێمانی یەکەمین تیمی گەرۆکی دروستکرد و سەردانی گوندێکی نزیک سەنتەری شارەکەی کرد.
بەمەبەستی خزمەتکردن بە گەنج و لاوانی لادێکان، تیمێکی گەرۆکی بەرێوەبەرایەتی وەرزشی سلێمانی سەردانی گوندی گامێش تەپەی کرد.
کاروان شێخ زیرەک، بەرێوەبەری وەرزشی سلێمانی بە 964ـی وت، وەک بەڕێوەبەراتییەکەیان هەوڵدەدەن لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە زۆرترین خزمەت بگەیەنن بە گەنج و لاوەکانی لادێ و گوندەکان، چونکە ئەو گەنجانە پێشتر بێبەش بوون لە بەدیهێنانی خەونەکانیان لە بواری وەرزشدا.
دەشڵێت: تیمی گەرۆکیان لە چەند راهێنەرێکی یارییە جیاجیاکان دروستکردووە و سەردانی گوندەکان دەکەن و لە نزیکەوە مەشق و راهێنان بە گەنج و لاوەکانی ئەو گوندانە دەکەن، هەروەها چەندین کەل و پەلی وەرزشیش بەسەر ئەو گەنجانەدا دابەش دەکەن.
بریارە لە داهاتوودا لەگەڵ ئەو تیمە گەرۆکانە، چەند پاڵەوانێک و یاریزانانی ناسراو هاوسەفەری ئەو تیمانە بکەن و مەشق بدەن بە گەنجەکانی ئەو گوندانە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق