بێ مۆر گۆشت مەکڕن
کوشتارگەی پیرەمەگرون نۆ تۆن گۆشتی لەناوبردووە
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
لە پیرەمەگروونی سنوری قەزای دوکان، لە شەش مانگی رابردودا لە کوشتارگەی چیای ناحیەکە نۆ تۆن گۆشتی ئاژەڵی ماڵی لەناوبراون.
لە کوشتارگەکەدا لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، هەزار و 288 گوێرەکە، هەزار و 387 بەرخ و 378 کار پشکنینیان بۆ ئەنجامدراوە.
لەو رێژەیە، 49 بەرخ و هەشت رەشەوڵاخ دەستیان بەسەرداگیراوە و تەندروست نەبوون.
بەوتەی دکتۆر شیلان فەرەج لێپرسراوی کوشتارگەی چیا بێت، لە ناحیەی پیرەمەگرووندا لە هەمان ماوەدا، نۆ تۆن و 336کیلۆگرام گۆشتی ئاژەڵ لە ناوبراوون.
شیلان فەرەج داوا لە گۆشتفرۆشان و هاوڵاتیان دەکات، پابەندی رێنماییەکان بن و لە کوشتارگە ئاژەڵەکانیان سەرببڕن، هەروەک بێ مۆری ڤێتێرنەری گوشت نەکڕن.
ئەو بە 964ی وت، لە جەژندا و لە ناو کوشتارگەدا پشکنین بۆ گۆشتی ئاژەڵەکان دەکرێ، چونکە بە وتەی ئەو، “جگە لە نەخۆشی تای خۆینبەربوون، چەندان نەخۆشی بەکتریایی و ڤایرۆسی مشەخۆر لە ئاژەڵاندا هەیە، بە پشکنین ساغیان دەکەنەوە”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا