"بەسەرماندا تەقییەوە و ئینفجارێکی گەورە دروستبوو"

کارمەندێکی برینداری بەرگری شارستانی باسی ساتی سەرهەڵدانی ئاگرەکە و کوژاندنەوەی دەکات

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

شەوی رابردوو کاتێك ئاگرە گەورەکەی گەڕەکی تانجەرۆ گرپەی کرد و بڵێسەی هەموو سلێمانی رووناک کردەوە، کارمەندانی بەرگری شارستانی پاڵەوان ئاسا بەرەو ئاگرەکە رۆیشتن و چەند کەسێکیان برینداربوون.

عەقید دانا جەوهەر بەڕێوەبەری بنکەی بەرگری شارستانی قڕگە یەکێک بوو لە بریندارەکان و ئێستا وەزعی تەندروستی باشە، ئەو بۆ مایکی 964 دوا و دەڵێت، “ئێمە زوو گەیشتن و ئیشی خۆمان کرد، بەڵام لەبەر ئەوەی چەند تەنکییەکی بەنزین لە تەنیشت یەکەوە بوون، ئینفجارێکی گەورە دروستبوو و بەسەرماندا تەقییەوە”.

“چەند تەقینەوەیەک دوابەدوای یەک روویاندا و هەر تەقینەوەیەک چەند کەسێکی بریندارکرد، لەگەڵ خۆمدا چوار کارمەندی دیکەمان سووتان”، عەقید دانا جەوهەر وادەڵێت.

عەمید ئاری محەمەد بەڕێوەبەر و موقەدەم ئارام عەلی وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی بۆ ئەحواڵپرسی لە ماڵی عەقید دانا جەوهەر بوون، عەمید ئاری دەڵێت، هەوڵی تەواوەتی دەدەین بۆ  ئەوەی حەقی بریندارەکان نەفەوتێ”.

ئاشکراشیکرد، بڕیاردراوە ئەو کۆگایانەی لە گەڕەکی تانجەرۆ و دەورووبەری سلێمانین، بگوزارێنەوە شوێنێکی پارێزراو بۆ ئەوەی حاڵەتێکی لەو شێوەیە روونەداتەوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری