لە دوكان
هاوڵاتییەك بە تۆمەتی ئاگرکردنەوە دەدرێتە دادگا
كوردستان ئەحمەد
لە هەفتەی رابردوودا چوار حاڵەتی ئاگركەوتنەوە لە سنوری قەزای دوكان روویداوە، بە هۆیەوە كەسێك دەستگیركراوە و دەدرێتە دادگا.
ئاگرەكان لە خەلەكان و خدران و بنگرد و چەند ناوچەیەكی دیكەی دوكان بووە، پۆلیس بە هاوكاری خەڵك توانیویانە ئاگرەكان كۆنتڕۆڵ بكەن.
بەهۆی ئەو ئاگرانەوە 1306 دۆنم زەوی و پووش و پاوانی هاوڵاتیان سووتاوە، نزیكەی 70 دار سنەوبەریش سووتاون، هۆكاری ئاگرەكەش بەهۆی جگەرە و ئاگری سەیرانگاكانەوە بووە، پۆلیسی دوكان وادەڵێت
پۆلیسی دوكان لە فەیسبووك نووسیویەتی، گومان دەكرێت بەشێك لە ئاگرەكان، بە تایبەت بووبێت و لێكۆڵینەوەش لە هۆکاری ئاگرەکان بەردەوامە و كەسێكیش دەستگیركراوە و دەدرێتە دادگا.
بەشێك لە زەوییەكان، جوتیاران خۆیان دەیانسووتێنن، بۆئەوەی پووش و پەڵاشی ناو جاڕەكان زیان بە زەوییەكە نەگەیەنن، ئەمەش لە كاتێكدایە وەزارەتی كشتوكاڵ داوای لە هاوڵاتیان دەكرد زەوییەكانیان نەسووتێنن.
بەپێی یاسای 346 بەندی یەكەم لە یاسایی سزادانی عێراقی هەركەس ئەگەر بە ئەنقەست یان بە بێهۆ ببێتە هۆی سوتانی موڵكێك ئەوا سزا دەدرت بە سێ مانگ تا پێنج ساڵ زیندانی یاخود پێبژاردنی بۆ دەكرێت.