دیمەنێک لە یاری فوتساڵی نێوان کچانی جەوییە و زەوڕا- وێنە: 964+
سبەی یاری کۆتایی بەرامبەر هەولێر ئەنجام دەدات
یانەی قوەی جەویە سەرکەوت و گەیشتە کۆتایی
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
دوای بردنەوەی لە زەورا، کچانی فوتساڵی قوە جەوییە خۆیان گەیاندە یاری کۆتایی پاڵەوانیەتی جامی عێراق.
ئەمڕۆ یەکشەممە 25.6.2023، یارییەکانی پێش کۆتایی پاڵەوانیەتی فوتساڵی کچانی عێراق لە شاری دهۆک دەستی پێکرد.
یانەی زەورا و قوەی جەوییە یاریان لەسەر بەدەستهێنانی پلیتی یاری کۆتایی کرد بۆ ئەوەی سبەی دووشەممە 26.6.2023، یاری کۆتایی بەرامبەر یانەی هەولێر ئەنجام بدەن.
یانەی جەوییە یارییەکەی بە 5 گۆڵ بەرامبەر بە 2 گۆڵ لە زەوڕا بردەوە و خۆی گەیاندە یاری کۆتایی.
هەر لە گێمی یەکەمی یارییەکەدا کچانی قوەی جەوییە تەقریبەن ئەنجامەکەیان یەکلایی کردەوە کاتێک چوار گۆڵیان لە رێگەی یاریزانان ناديە فازڵ، تەبارەک موئەیەد دوو گۆل و گۆڵی چوارەمیش یاریزانێکی یانەی زەوڕا بە هەڵە لە خۆیانی تۆمار کرد.
گێمی دووەمی یارییەکە، کچانی زەوڕا هەوڵی زۆریاندا ئەنجامەکە یەکسان بکەنەوە و هەرزوو یاریزان دەلال تاڵب دوو گۆڵی بۆ یانەکەی تۆمار کرد، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئەنجام بوو کاتێک یاریزان نادیە فازڵ، گۆڵی دووەمی خۆی و پێنجەمی یانەکەی تۆمارکرد و یارییەکەش بە 5 گۆڵ بۆ 2 گۆڵ لە بەرژەوەندی کچانی جەوییە کۆتایی هات.
بڕیارە کاتژمێر 2ـی پاش نیوەڕۆی سبەی دووشەممە 2023.6.26، کچانی فوتساڵی هەولێر و کچانی فوتساڵی جەوییە، یاری کۆتایی پاڵەوانیەتی جامی عێراق بۆ یاری فوتساڵی کچان ئەنجام بدەن.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق