وێنەی منداڵەکان لە شوێنی داڵدەدانیان. فۆتۆ: بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر
یەکێکیان تەمەنی پێنج مانگە
سێ منداڵی فڕێدراو لەسەر شەقامێکی هەولێر دۆزرانەوە
هاوبەش ئەبوبەکر
لە هەولێر سێ منداڵ، کە یەکێکیان تەمەنی تەنیا پێنج مانگە، لە دوای ئەوەی لەلایەن کەسوکاريیانەوە فڕێدەدرێنە سەر شەقام، بەڕێوەبەرایەتيی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان داڵدەیان دەدات.
منداڵەکان لە دوو کوڕ و کچێک پێکهاتوون، یەکێک لە کوڕەکان تەمەنی نۆ ساڵە و ئەوەی دیکەیان 10 ساڵانە، كچەکەش تەمەنی پێنج مانگە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر رایگەیاند، منداڵەکان لە رێکەوتی 25.6.2023 لە گەڕەکی نووسەرانی شاری هەولێر لەسەر شەقام فڕێدرابوون هێنراونەتە نووسینگەکەیان لە منارە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە وێنەی منداڵەکانی لە فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لە دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە کە “ئەم منداڵانە پێش ماوەیەک باوکیان دەستگیرکراوە و دایکیشیان لەلای باپیری منداڵەکان (باوکی هاوسەرەکەی) بەجێیهێشتوون و باپیریان ئەوانی هێناوە و لەسەر شەقام فڕێیداون”.
دەشڵێت، دادوەری توندوتیژی خێزانی بڕیاریداوە دوو منداڵە کوڕەکان ببرێن بۆ خانەی نەوجەوانانی هەولێر و منداڵە کچە پێنج مانگەکەش ببریت بۆ خانەی چاودێری منداڵان لەناو نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەولێر.