خەریکە کێشەکە چارەسەر دەکرێت

ئێران %95ـی قەڵادزێی بێ ئاو کرد

+964

ژێوار خدر – راپەڕین

ماوەی سێ رۆژە کۆماری ئیسلامی ئێران ئاوی زێی بچوکی گرتووەتەوە و ئەمەش وایکردووە ئاستی ئاو دابەزێت و گرفت بۆ ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ دروست ببێ.

مارف مەحمود سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ئاوی خاس بە 964ی وت: ماوەی چەند رۆژێکە هەستمان بە دابەزینی ئاستی ئاوی پڕۆژەی ئاوی خاس کردووە ئەمڕۆش ئاستی ئاوەکە بە رادەیەک دابەزیوە، کە پەمپەکانی پڕۆژەکە نەیانتوانیوە ئاو هەڵدەن بۆ ناو حەوزەکانی پڕۆژەکە و روونیشی کردەوە ئەوان ساڵانە رووبەڕووی ئەو کێشەیە دەبنەوە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.

“ئێستا سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکەین و هاوشێوەی ساڵان بەربەستەکە نۆژەن دەکەینەوە، کە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دەتوانین بە گلدانەوەی ئاو بۆ ناو پڕۆژەکە گرفتی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ چارەسەر بکەین”، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە وای وت.

پرۆژەی ئاوی خاس رێژەی %95ـی ئاوی قەڵادزێ دابین دەکات.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا