32 کاندید
سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی گەل لە حەسەکە و کۆبانێ کرانەوە
وریا فەتاح
ئەمڕۆ یەکشەممە، پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی “ئەنجومەنی گەل” لە چوار بازنەی هەڵبژاردن دەستیپێکرد، کە شارەکانی حەسەکە، قامیشلۆ و دێرک لە پارێزگای حەسەکە، لەگەڵ شاری کۆبانێ لە گوندەوارەکانی حەڵەب دەگرێتەوە.
پرۆسەی هەڵبژاردنەکە بە سیستەمی دەنگدانی نهێنی و راستەوخۆ لەلایەن ئەندامانی دەستەی دەنگدەرانەوە لە هەر بازنەیەکدا بەڕێوەدەچێت. بڕیاریشە دوای داخستنی سندوقەکان، دەستبەجێ پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان دەستپێبکات و ئەنجامەکان رابگەیەندرێن.
وردەکاریی کێبڕکێکان لە بازنەکانی هەڵبژاردن بەم شێوەیەیە:
حەسەکە: 13 کاندید کێبڕکێ لەسەر 3 کورسی دەکەن، دەستەی دەنگدەرانیش لە 150 ئەندام پێکدێت.
قامیشلۆ: 7 کاندید کێبڕکێ لەسەر 4 کورسی دەکەن، ژمارەی ئەندامانی دەستەی دەنگدەرانیش 198 کەسن.
کۆبانێ: 12 کاندید کێبڕکێ لەسەر 2 کورسی دەکەن، لەلایەن دەستەی دەنگدەرانەوە کە لە 100 ئەندام پێکدێت.
دێرک: کێبڕکێی تێدا ناکرێت و ئەنجامەکە بە (تەزکیە) یەکلایی بووەتەوە، چونکە بۆ دوو کورسییەکەی ئەو بازنەیە تەنیا دوو کاندید خۆیان ناونووس کردبوو. هەروەها پێشتریش نوێنەرێکی شاری سەرێکانی بە هەمان شێوە دیاریکراوە.
بڕیارە دەستەکانی دەنگدەران 10 ئەندام بۆ ئەنجومەنی گەل لەسەر پشکی پارێزگای حەسەکە هەڵبژێرن. هاوکات، بڕیارە سەرۆکی قۆناغی گواستنەوەی سووریا 5 ئەندامی دیکە دیاری بکات، بەمەش کۆی گشتیی نوێنەرانی پارێزگای حەسەکە لە ئەنجومەنەکەدا دەگاتە 15 ئەندام.