گەشتوگوزاری سلێمانی چوار لیژنەی داناوە

چاومان لە هاتنی 100هەزار گەشتیارە


ئەحمەد مستەفا

گەشتوگوزاری سلێمانی بۆ رۆژانی پشووی جەژن چاوی لە هاتنی زیاتر لە 100هەزار گەشتیارە، بۆ ئەمەش چوار لیژنەی پێکهێناوە.

لیژنەکان لە بازگەکانی تاسڵوجە، عەربەت، سەنتەری زانیاری باخی نالی و تیمی گەڕۆک پێکدێن، کە رێنمایی و زانیاری گەشتیاری و هەروەها لێکۆڵینەوە لە بوونی گرفت دەکەن.

لە 26.6.2023 وە لیژنەکان کارەکانیان دەستپێدەکەن.

ئەمڕۆ شەممە 22.6.2023، ئاکۆ ئەحمەد بەڕێوبەری پشکنین و هەڵسەنگاندنی جۆری لە گەشتوگوزاری سلێمانی بە 964ی وت، ئێستا دەبینین کە هاتنی گەشتیار بە چوار رۆژ پێش جەژن دەستیپێکردووە و پێشبینیی هاتنی گەشتیارێکی زۆر دەکەین.

ئەوەشی وت، وەک بنکەی حەوانەوە و مۆتێل و هۆتێل لە ناو سلێمانی، شوێنی حەوانەوەی نزیکەی 40هەزار گەشتیارمان هەیە لە رێگەی 220 شوێنەوە.

بە وتەی بەڕێوەبەری پشکنین و هەڵسەنگاندنی جۆریی بێت، بە هۆکاری ئەوەی نەورۆز کەوتە رەمەزانەوە و ئێستاش تاقیکردنەوەکان کۆتایی هاتووە، پێشبینی هاتنی بە لێشاوی گەشتیار دەکەن بۆ پشووەکانی جەژنی قوربان

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا