پڕۆژەکە لە سەربانی باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتییەکە ج\ێبەجێ دەکرێت
بەڕێوەبەرایەتییەکی سلێمانی چیتر کارەبای نیشتیمانیی بە کار ناهێنێت
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
+وێنە
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە کارەبا دابین دەکات و ڕایدەگەیەنێت، چیتر کارەبای نیشتیمانی بەکار ناهێنن.
پرۆژەکە لە سەربانی باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی جێبەجێ دەکرێت و لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە کارەبای بەڕێوەبەرایەتییەکە دابین دەکرێت.
964+ لە زاری سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانییەوە دەزانێت، پڕۆژەکە لەسەر بوودجەی داهاتی ٨٪ ی کارەبا و بە بڕی ٦٢ ملیۆن دینار بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر جێبەجێ دەکرێت، کە توانای بەرهەمهێنانی ٥٠ کیلۆوات کارەبای هەیە و تێکەڵ بە کارەبای نیشتمانی دەکرێتەوە.
پێشتر حکومەتی هەرێم بڕیاری دا هەر هاونیشتیمانییەک پرۆژەی سۆلار، واتا کارەبا لە وزەی خۆر وەربگرێت، دەتوانێت تێکەڵ بەکارەبای نیشتیمانی بکات و مانگانە لێدەرکردنی بۆ بکات لە سەرفیاتی کارەبا.
“پڕۆژەکە پێک هاتووە لە دانانی ٩٦ پەناڵ لە جۆری لۆنگی ٥٣٠ وات و هێڵی پەناڵەکانیش لە جۆری گەڵڤەنایزە و بەشێوەی ڕاستەوخۆ جێبەجێ دەکرێت”، سیروان محەمەد وای وت.
دەشڵێت، بەشی وزە نوێبووەکان یەکێکە لە بەشە گرنگەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی کە گرنگیی زۆر دەدات بە بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزە نوێبووەکان.