30 كتێبی فەلسەفی وەرگێرەوەتە سەر زمانی كوردی
30 ساڵە وەرگێڕی فەلسەفییە و كاری دەستگێڕی دەكات
رێژوان مامە – سلێمانی
ناسری سەلاحی، وەگێڕی كتێبە فەلسەفیەكانە، خاوەنی سی كتێبە لە بوارەكانی فەلسەفە و رۆشنگەری كۆمەڵایەتی، ئێستا بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیانی سەرقاڵی كاری دەستگێڕییە.
لەسەر عەرەبانەكەی گۆزە، مەركانە، قاپی شووشە و سەماوەر و پەرداخ دانراوە، ناسری سەلاحی ، بە قژ و ریشێكی ماش و برنجییەوە پاڵ بە عەرەبانەكەیەوە دەنێت و دەیەوێت بژێوی رۆژانەی خۆی پەیدا بكات.
پەیامنێری 964 پرسیاری لێدەكات، تۆ وەرگێڕی فەلسەفەیت بۆچی ئەم كارە دەكەیت، ناسری سەلاحی لە وەڵامدا دەڵێت، “دوای 30 ساڵ لە خزمەتی رۆشنگەری كوردستان و كاری وەرگێران, ئێستا زۆر گرنگی نەماوە، ناتوانێت بژێوی ژیانم پەیدا بكات، بۆیە ناچارم ئەم كارەبكەم.”
لە گفتوگۆكەدا لە بارەی دۆخی خۆیەوە دەڵێت،”ئێستا بە كارەكەم ئاسوودەم و زۆر سەربەرزم هیوادارم حكومەت هەلی كار بۆ گەنجان بڕەخسێنێت و وڵاتەكەمان ئاوەدان بكاتەوە”.
ناسری سەلاحی، خەڵكی شاری بانەیە لە رۆژهەڵاتی كوردستان، وەرگێڕی كتێبە فەلسەفییەكانە، 30 ساڵ لەو بوارەدا كاری كردووە، 30 كتێبی فەلسەفی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی و ئێستا لە بازاڕەكانی سلێمانی بە عەرەبانە كاری دەستگێڕی دەكات، زمانەكانی كوردی و فارسی دەزانێت, خێزاندارە و دوو كوڕی هەیە.
كتێبەكانی، رەشی كۆمەنیزم و كتێبی ئەمریكا لە بەردەم چواڕیاندا، كتێبی لە بواری لەشساغی و تەندروستیدا لە بەناوبانگترین و پڕفرۆشترین كتێبە وەرگێڕەكانیەتی.
پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد