لەگەرمیان وانەبێژەکان دەستیان هەڵگرت و ئەوانی تر گەرمیان کرد

+964

هونەر فارس – کەلار

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

مامۆستایانی وانەبێژ لە گەرمیان بایكۆتیان شكاند و لە سلێمانی و راپەڕین و چەمچەماڵ و هەڵەبجە بایکۆت و خۆپیشاندان گەرم دەبێ.

محەمەد حەسەن، مامۆستای وانەبێژە لەگوندی سورەبنە كە چوار كاتژمێر دوورە لە سەنتەری كەلارەوەو لەوانەبێژە نارازییەکان بوو دەڵێت،” لەگەڵ ئەوەی هیچ بەڵێنێكمان پێنەدراوە بەڵام بڕیارماندا بایكۆت بشكێنین چونكە سێكتەری پەروەردە لە سنورەكەمان توشی لەناوچون دەبێت.

نزیكەی هەفتەیەكە بەشێك لە مامۆستایانی وانەبێژ لە شارە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان خۆپیشاندان دەكەن و داوا دەكەن بكرێن بە هەمیشەیی.

لە سلێمانی ودەڤەری راپەرین و هەڵەبجە خۆپیشاندانی مامۆستایانی وانەبێژ بەردەوامەو لەچەمچەماڵ ئەمڕۆ بەلایدا دەخەن، چونکە ئەوانەی بەشدارن کەمن.
مامۆستایانی وانەبێژی ناڕازیی سنوری بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی چەمچەماڵ وابڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆ بڕیاری کۆتایی لەبارەی بەردەوامی یان بایکۆتی گردبونەوەکانیان بدەن لەبەردەم پەروەردەی چەمچەماڵ.

محەمەد ئەحمەد نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژی ناڕازیی چەمچەماڵ نیگەرانە لەوەی هەموو مامۆستا وانەبێژەکان وەک ئەوان خەمیان نییەو بە +964ی وت ”لەکۆی 1035مامۆستایی وانەبێژ 310مامۆستای وانەبێژ بایکۆتی دەوامی کردوەو لەو 310 مامۆستایەش رۆژانە ژمارەک مامۆستا دێن بۆخۆپیشاندانەکان، تاکوئێستا لەو310 مامۆستایە 95 مامۆستا هاتوە بۆ خۆپیشاندان و ئەودوای لەماڵەوەیەو تەنیا بایکۆتی دەوایان کردوە”

 لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ٣٢هەزار مامۆستای وانەبێژ بوونی هەیە، لەو ژمارەیەش ١٣٠٠وانەبێژیان دەکەونە سنوری ئیدارەی گەرمیانەوە، موچەی وانەبێژانی ناو شارەكان  لە نێوان ٣٠٠بۆ ٣٥٠هەزار و دەرەوەی شارەکان٣٥٠ بۆ ٤٠٠هەزار دینارە