مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لەکاتی گەڕان بەدوای دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک. فۆتۆ: پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی.
بە ئاوی چەم زەوییەکەی بەخێوکردووە
لە شارباژێر کەسێک لەسەر بەرهەمهێنانی زەوی دێم دەستگیر کرا
هاوبەش ئەبوبەکر
لە شارباژێر کەسێک لەسەر دانانی ماتۆڕی ئاوی گەورە و بەکارهێنانی زەوی دێم بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دەستگیر کرا.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە لە فەیسبووک رایگەیاند، تۆمەتبارێک لە ناحیەی باسنێ بە ماتۆڕی گەورە، ئاوی چەمی گوندی سورەبانی راکێشاوە و بەکاریهێناوە بۆ ئاودانی زەوییە دێمەکەی، کە ئەمەش پێچەوانەی یاسایە.
“پێشتر دانیشتووانی سنوورەکە ئاگادارکراونەتەوە کە دانانی ماتۆڕی گەورە لەسەر ئاوی چەمەکان و بەرهەمهێنانی زەوی دێم قەدەغەیە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و وشكنەبوونی چەم و رووبارەکانی سنووری قەزای شارباژێڕ، کە سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی قەزاکە و ناحیەکانی دەوروبەریەتی”، پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی وا دەڵێت.
لە كۆتایی وەرزی بەهار تا كۆتایی وەرزی هاوین، رێژەی ئاوی سەرزەوی لە هەرێمی كوردستاندا كەم دەبێتەوە و زیان بە بەشێک لە بەروبوومە کشتوکاڵییەکان دەگات، بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە، ئەنجومەنی گوندەكان هاوڵاتیانیان ئاگادار کردووە لەسەر زەوی دێم بەرهەمهێنان نەکەن.