ئەوانەی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان
خوێندکارە یەکەم و دووەم و سێیەمەکان دادەمەزرێن
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
حکومەتی عێراق بڕیاریداوە سەرجەم یەکەم و دووەم و سێیەمەکانی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دابمەزرێنێت.
ئەحمەد تەها، بەرپرسی راگەیاندنی کۆلیژی پەروەردەی ئاکرێ بە 964ی وت، بە پێی نووسراوێکی فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی عێراق و دەستەی گشتی دامەزراندن، کە نێردراوە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، بڕیاردراوە دەرچووەکانی یەکەم و دووەم و سێیەم لە هەرێمی کوردستان، کە دانیشتووی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن، دابمەزرێن لەسەر وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی عێراق.
ئەوانەی بڕیاری دامەزراندنیان بۆ دەرچووە لە 2017ـەوە تا ئێستا دەیانگرێتەوە.
ژمارەیەک خوێندکاری یەکەم و دووەم و سێیەمی کۆلیژی ئاکرێ ناویان گەڕاوەتەوە و ئاگادار کراونەتەوە سەردانی لایەنی پەیوەندار بکەن بۆ وەرگرتنی کۆدی دامەزراندنەکەیان.
ئەحمەد تەها، بەرپرسی راگەیاندنی کۆلیژی پەروەردەی ئاکرێ وتیشی، “ئەم کۆدانە گشت زانیاریەکانی تێدایە و دەبێت بێن و پشتڕاستی بکەنەوە کە زانیاریەکانیان تەواوە بۆ ئەوەی دابمەزرێن”.
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەریمی کوردستان، ناوی سەرجەم خوێندکارە یەکەم و دووەم و سێیەمەکانی دانیشتووی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانی ناردووە بۆ حکومەتی عێراق بە مەبەستی دامەزراندنیان.
ئەو ناوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم ناردوونی، تەنیا هی ئەو خوێندکارانەیە کە لە زانکۆ باوەڕپێکراوەکاندا خوێندوویانە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق