تانكه‌ره‌كانى نه‌وت كاری بازگه‌یه‌كی ئاسایشیان رادەگرن‌

+964

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

ئاسایشی هەڵەبجە، لەسەر بودجەی خۆی ئەو بازگەیە نۆژەن دەکاتەوە کە دووجار رووداوی ھاتووچۆ تێیدا روویدا‌، کە بەھۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداو بەشێکی بازگەکەش سووتا.

رۆژی ١٧ـی تشرینی دووه‌مى رابردوو، تانکەرێکی نەوت لەنێو بازگەی دەروازەی چوون بۆ سەید سادق، کۆنتڕۆڵی خۆی لەدەستدەداو خۆی بە ژمارەیەک ئۆتۆمبیل کێشا، بەو هۆیەوە ھاوڵاتییەک گیانی لەدەستدا.

هەر لەو بازگەیەدا، رۆژی ٣٠ـى مانگی رابردوو تانكه‌رێكی دیکە لەئەنجامی مقەست کردن و دواتر گڕگرتنی، بەشێکی بازگەکە و دوو ئۆتۆمبێلی بە تەواوی سووتاند.

دیاری رەفیق، قائیمقامی قەزای سەیدسادق ئەمڕۆ دووشەممە پێنجی كانوونى یه‌كه‌م، بە +964ـی وت “نوسراومان بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی پارێزگای ھەڵەبجە کردووە، ئەوان لەسەر بودجەی خۆیان بازگەکە نۆژەن دەکەنەوە”.

بازگەکە دەکەوێتە دەروازەی قەزای سەید سادق، کە لە رێگەیەوە دوو دەروازەی بۆ قەزای پێنجوێن و مەرزی باشماغ، لەگەڵ پارێزگای ھەڵەبجە لێدەبێتەوە.

قائیمقامی قەزاکە، پێیوایە ھەفتەی دادێ، بازگەکە دەکرێتەوە، وتیشی، “بەداخەوەین چۆڵی بازگەکە و شێوازی ئەندازەیی وایکردووە ئەو رووداوانە دروست ببن”.

بازگەی سەیدسادق، لەلایەن ئاسایشی پارێزگای ھەڵەبجەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بەپێی زانیارییەکان بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ بازگەکە لەلایه‌ن ئاسایشەوە ھێزی تێدا جێگیر بکرێت.