هەواڵ
داوای دەرماڵەی پایە دەکەن
کارمەندانی 161 بنکەی تەندروستی سلێمانی و هەڵەبجە بایکۆتی دەوام دەکەن
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
کارمەندانی بنکە تەندروستییەکانی سلێمانی و هەڵەبجە نیگەرانن لە خەرجنەکردنەوەی لە 20%ـی دەرماڵەی پایە و بەنیازن سبەی بایکۆتی دەوام بکەن.
ئەوان کارمەندی 161 بنکەی تەندروستی ناوشار، قەزا، ناحیە و گوندەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەن و لە 13.3.2023ـەوە راگەیاندنی بڕینی دەرماڵەکە بڵاوکرایەوە.
بڕیارە کاتژمێر 11ـی سەر لە بەیانی سبەی دووشەممە 19.6.2023، بایکۆتی دەوام رابگەیەنن وەک وەڵامێک بەرامبەر نەگەڕانەوەی دەرماڵەی پایە.
ئەو دەرماڵەیە بە قسەی سەرۆکی لقی سلێمانی کارمەندانی تەندروستی بێت، ئەوا لە هەولێر و دهۆک ئەو دەماڵەیە نەبڕاوە و خەرج دەکرێت.
هاوژین عوسمان، سەرۆکی لقی سلێمانی کارمەندانی تەندروستی و رێکخەری بایکۆتەکە بە 964ـی وت، لەو چەند مانگەی رابردوودا لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەت، وەزیری دارایی و پارێزگار و کەسایەتی سیاسیش کۆبووینەتەوە، بەڵام هیچ دەرئەنجامێکی نەبووە.
بەوتەی هاوژین عوسمان، بنکەی تەندروستی هەیە تەنیا یەک کەس بەرێوەی دەبات، کە خۆی دەبێت 10 کەس دەوامی تێدا بکات، ئێستا ئەو یەک کەسە لە هەمانکاتدا چارەسەرکارە، کارگوزارە، ئیشپێکاری مۆلیدە و بەریدیشە، بەڵام لە مانگی ئادارەوە دەرماڵەکەیان بڕیوە.
وتیشی “ئەو دەرماڵەیە لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر و ئیدارەی گەرمیان نەبڕاوە، بۆشمان روون نەبۆتەوە هۆکار چییە، سیاسییە یان کەمتەرخەمی”.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق