قۆناغی یەکەم 200 تۆن گۆشتی دەبێت

گەورەترین پڕۆژەی بەرهەمی ماسی لە دهۆک دروست دەکرێت

964+

پێشەوا محەمەد

گەورەترین پڕۆژەی بەرهەمی ماسی لە پارێزگای دهۆک دروست دەکرێت و حکومەتی هەرێم دەڵێت، لە قۆناغی یەکەمدا توانای بەرهەمهێنانی 200 تۆن گۆشتی ماسیی هەیە.

پڕۆژەکە سەدان هەلی کاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەڕەخسێنێت.

هەر لە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکەدا، 21 ملیۆن پەنجەماسی بەرهەمدەهێنێت.

“پڕۆژەکە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ و پەرەپێدانیەتی بۆ ئاستێک بتوانرێت هەناردەی دەرەوە بکرێت”، ئەوە زانیاریی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمە، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 18.6.2023 بڵاویکردووەتەوە.

فەرمانگەکە لە زاری شوکری عومەر، بەڕێوەبەری پڕۆژەی بەرهەمی ماسی نووسیویەتی، سەرمایەی پڕۆژەکە 10 ملیۆن دۆلارە.

وتوشیەتی، “هیچ پڕۆژەیەک لە عێراق و هەرێم بەو شێوەیە دروست نەکراوە و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی تیادا بەکارهێندراوە”.

رووبەری پڕۆژەکە 229 دۆنمە و پێکدێت لە؛ هەڵهێنەری ماسی، تاقیگە، حەوزی خۆڵ و قەفەزی ماسی.