بە بەردی رەش نافورەیەک لە کەمپی زانکۆی هەڵەبجە دروست دەکرێت

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە ناو کەمپی سەرەکی زانکۆی هەڵەبجە نافورەیەک و پردێکی پەڕینەوە دروست دەکرێن و نزیکەی 10 ملیۆن و 500 هەزار دیناری تێدەچێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، زانکۆى هەڵەبجە رایگەیاند، نافورەکە پێکدێت لە حەوزێک بە قوڵی 60 سانتیم، تاڤگەیەکی ئاو و پردێکی پەڕێنەوە، هەموویان بە شێوەیەکی مودێرن و تێکەڵ لەگەڵ کلاسیک دروست دەکرێن.

بڕیار وایە، نافورە و پردەکە بە “بەردی رەش” رووپۆش بکرێن و بڕی 10 ملیۆن و 406 هەزار دینار بۆ ئەم پرۆژەیە تەرخان کراوە.

ماوەی 30 رۆژیش بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە دیاریکراوە.

زانکۆی هەڵەبجە یەکێکە لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2011 دامەزراوە.

زانکۆکە دوو کەمپی هەیە، کەمپی سەرەکی دەکەوێتە شاری هەڵەبجە و لاوەکییەکەی لە قەزای شارەزوورە.