بەشێک لەو نەمامانەی کە ئاودراون. فۆتۆ: دارستان و پاوانی سلێمانی
لە سلێمانی قۆناغی پاراستنی هەزاران نەمام دەستپێکردووە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی پارێزگای سلێمانی، دەستی بە قۆناغی ئاودان، بژار، بنکۆڵ و ئاگربڕی ئهو نهمامانه كردووه، كه له سلێمانی له ماوهی رابردوودا چێندراون.
لە هەرسێ پرۆژەی دارستانی کێلو لە پێنجوێن، دارستانی سەراو لە سیدسادق و دارستانی چەناخچیان سەر بە هۆبەی دارستان و پاوانی تانجەرۆ ترومپا و سستمی ئاودێری جێگیرکراون و لەکاتی پێویستدا ئاوی نەمامەکان دەدەن.
رۆژی شەممە، هاوکار جەلال بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی لە فەیسبووک رایگەیاند، “دەستمان بە خزمەتکردن و ئاودانی نەمامەکان کردووە، بە لەبەرچاوگرتنی جۆراوجۆریی نەمامە روێنراوەکان و سروشت و کەشوهەوای جیاوازی ناوچەکان، تێبینیمان کرد نەمامەکان بە شێوەیەکی زۆرباش گەشەیان کردووە”.
لە سنووری پارێزگای سلێمانی پێنج نەمامگەی حکومی هەیە و بەرهەمی ساڵی رابردوویان 700 هەزار نەمام بووە.
لەو رێژەیە 300 هەزار دراوە بە فەرمانگە و خوێندنگە و نەخۆشخانە و شارەوانییەکان و زۆرینەی نەمامەکانی ناو ئەو نەمامگانە داری سنەوبەرن.