15.6%ـی بۆ ناوخۆ بووە

لە 15 رۆژدا بانکی ناوەندی دوو ملیار و 367 ملیۆن دۆلاری فرۆشتووە

964+

فەرمان سادق

بانکی ناوەندی عێراقی لە 15 رۆژی رابردوودا سەرووی دوو ملیار دۆلاری فرۆشتووە و کەمترین بڕی بۆ ناوخۆ بووە.

بەپێی بەدواداچوونێکی 964 دەرکەوتووە، لە ماوەی 15 رۆژی رابردوودا بانکی ناوەندی تەنیا 11 رۆژ دۆلاری فرۆشتووە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بانکەکە رۆژانی هەینی و شەممە دۆلار نافرۆشێت.

لەو 11 رۆژەدا، بانکی ناوەندی دوو ملیار و 376 ملیۆن دۆلار و 272 گەزار و 64 دۆلاری فرۆشتووە، لەم بڕەدا تەنیا 371 ملیۆن و 480 هەزار دۆلاری بۆ بازاڕەکانی ناوخۆ بووە و ئەوەی تری کە ملیارێک و 995 ملیۆن و 792 هەزار و 64 دۆلارە بۆ حەواڵەی بازرگانی دەرەکی بووە.

ئەو بڕەی کە بۆ بازاڕەکانی ناوخۆی فرۆشتووە بەراورد بەوەی بە بازرگانانی فرۆشتووە بۆ حەواڵەی بازرگانی، دەکاتە رێژەی 15.6%، واتە رێژەی 84.4%ـی دۆلارەکانی بانکی ناوەندی وەک حەواڵەی بازرگانی جارێکی تر دەچێتەوە دەرەوەی عێراق و کاڵا و شتومەکی لە جێگەیدا دەهێندرێتەناو عێراق.

رۆژی 5.6.2023، بانکی ناوەندی کەمترین بڕی دۆلاری بۆ بازاڕی ناوخۆ فرۆشتووە کە تەنیا 16 ملیۆن و 650 هەزار دۆلار بووە، بەڵام رۆژ دواتر کە دەکاتە 6.6، زۆرترینی فرۆشتووە کە 63 ملیۆن و 110 هەزار دۆلار بووە.

بۆ حەواڵەی بازرگانی دەرەکیش، بانکی ناوەندی رۆژی 1.6 بڕی 209 ملیۆن و 725 هەزار و 519 دۆلاری فرۆشتووە کە زۆرترین بڕە وەک حەواڵەی بازرگانی بە بازرگانان فرۆشراوە، هاوکات رۆژی 6.6ـیش کەمتری دۆلاری بە بازرگانان فرۆشتووە کە 144 ملیۆن و 221 هەزار و 654 دۆلارە.

فرۆشتنی بڕی کەمی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندی بە بڕوای شارەزایانی ئابووری، دۆلارفرۆشان و پەرلەمانتارانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، هۆکاری سەرەکییە لە دانەبەزینی بەهای دۆلار لە بازاڕەکاندا بەرامبەر بە دیناری عێراقی ئەگەرچی بانکی ناوەندی بەهای دۆلاری لە 145 هەزار دینارەوە شکاند بۆ 130 هەزار دینار، بەڵام هێشتا لە بازاڕەکانی کوردستان و عێراق، بەهایەکەی لە 146 هەزار دینار دانەبەزیوە.