زیانەکانی دەرمانی خۆلاوازکردن و خۆقەڵەوکردن بزانە

وەزارەتی تەندروستی: کڕین و فرۆشتنی دەرمان بە ئۆنڵاین قەدەغەیە

شۆڕش قادری

وەزارەتی تەندروستی ئەو کەسانە بە یاساشکێن ناودەبات کە بە ئۆنڵاین کڕین و فرۆشتن بە دەرمانەوە دەکەن و دەڵێت، واز لەو کارەیان نەهێنن، رێکاری توندیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هۆشدارییەکەدا زیانەکانی دەرمانی خۆلاوازکردن و خۆقەڵەوکردنی ئۆنڵاین دەخاتەڕوو و دەڵێت، “ئەو کارە بە تەواوی نایاساییە و رێکاری توندی یاسایی لە بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک دەگیرێتەبەر کە هەستێت بە ئەنجامدانی و دەرمان بە نایاسایی بفرۆشرێت”.

دەقی هۆشدارییەکەی وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە خوارەوە؛

هۆشدارییەک لە وەزارەتی تەندروستییەوە بۆ هاووڵاتییان و فرۆشیارە یاسا شکێنەکان تایبەت بە مامەڵەکردن بە دەرمانی ئۆنڵاین، وەزارەتی تەندروستی ڕادەگەیەنێت:

فرۆشتنی دەرمان بە شێوەی ئۆنڵاین قەدەغەیە و ڕێکاری توند دەگیرێتەبەر بەرامبەر هەرکەسێک کە ئەم کارە بکات

هاووڵاتییانی خۆشەویست؛

لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی تەندروستی و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانییەوە، هۆشداریتان پێدەدەین کە کڕین و فرۆشتنی دەرمان بە هەموو شێوەیەک بە شێوەی ئۆنڵاین قەدەغەیە تکایە خۆتان بەدووربگرن لەم جۆرە دەرمانانە.

ئەم کارە بە تەواوی نایاساییە و ڕێککاری توندی یاسایی لە بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک دەگیرێتەبەر کە هەستێت بە ئەنجامدانی و دەرمان بە نایاسایی بفرۆشرێت.

هاوڵاتیانی خۆشەویست ، لەپێناو سەلامەتیی تەندروستیی خۆتان و خێزانەکانتان، داواتان لێدەکەین بە هیچ شێوەیەک پشت بەم ڕیکلام و پلاتفۆرمە نامتمانەییانە نەبەستن و دەرمان بە ئۆنڵاین مەکڕن، جگەلە دەرمانخانە هیچ شوێنێکی تر بۆی نیە دەرمان بە چارەخوازبدات.

زیانە زانستییەکانی دەرمانی خۆلاوازکردن و خۆقەڵەوکردنی ئۆنڵاین

ئەو بەرهەمانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئۆنڵاین بۆ دابەزاندن یان زیادکردنی کێش دەفرۆشرێن، سەرچاوە و پێکهاتەیان نەزانراوە و زیانی کوشندەیان بۆ سەر جەستە هەیە:

دەرمانی خۆلاوازکردن (کێش دابەزاندن):

زۆربەیان ماددەی کیمیایی قەدەغەکراو یان بڕێکی زۆر لە کافایین و هاندەرە توندەکان لەخۆ دەگرن. ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی مەترسیداری پەستانی خوێن، تێکچوونی لێدانی دڵ (Arrhythmia)، جەڵتەی دڵ و مێشک، هەروەها تێکشکانی خانەکانی جگەر و گورچیلە.

دەرمانی خۆقەڵەوکردن (کێش زیادکردن):

زۆربەی کات بڕێکی نائاسایی هۆرمۆنەکان (وەک کۆرتیزۆن) یان ستیرۆید لەخۆ دەگرن، کە دەبنە هۆی کۆبوونەوەی شلە لە لەشدا، تێکچوونی سیستمی بەرگری، کێشەی هۆرمۆنیی توند، و لاوازکردنی توانای کارکردنی ئەندامە سەرەکییەکانی جەستە.

لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە کە دەرمان تەنها و تەنها دەبێت لە دەرمانخانە مۆڵەتپێدراوەکان و بە ڕەچەتەی پزیشکی پسپۆڕ دابین بکرێت، و تیمە چاودێرییەکانمان بە توندی بەدوای سەرپێچیکاراندا دەگەڕێن هەر کەسێک ئەم مامەڵەیە بکات ڕووبەرووی یاسا دەکرێتەوە.

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان