دۆلاری ئەمریکی دەردەکەوێت لەجۆری 100 دۆلاری. وێنە:964+
964 کاتی دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار ئاشکرا دەکات
964+
فەرمان سادق
ئەندامێکی لیژنەی دارایی عێراق دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار دەبەستێتەوە بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە و دەڵێت: کە یاسایەکە جێبەجێکرا رۆژانە بانکی ناوەندی تاوەکو 450 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕ.
رۆژی دووشەممەی رابردوو 12.6.2023، پەرلەمانی عێراق بودجەی پەسندکرد و رەوانەی سەرۆکایەتی کۆمار کراوە بۆ پەسندکردن.
بە قسەی جەمال کۆچەر، پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بێت، لەم هەفتەیە سەرۆک کۆمار واژۆ لەسەر یاسای بودجە دەکات و دەمودەستیش لە رۆژنامەی وەقایعی عێراقی بڵاودەکرێتەوە.
دەشڵێت: دەای ئەو کاتە پێویست دەکات حکومەتی عێراق وەزارەتەکان پارەدار بکات بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی، بۆ ئەمەش حکومەتی عێراق کە پارەی دیناری نییە و داهاتەکەی کە لە فرۆشتنی نەوت دۆلارە، ناچارە بیخاتە بازاڕەوە بەم هەنگاوەش بڕی فرۆشی بانکی ناوەندی لە نزیکەی 250 ملیۆن دۆلار بۆ سەرووی 450 ملیۆن دۆلاری رۆژانە بەرز دەبێتەوە کە کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر دابەزینی بەهای دۆلار.