جوتیارانی دارەتوو: پێویستمان بە کارەبایە بۆ بەرهەمهێنانی پەتاتەی زیاتر

+964
زەید كۆچەر

بەشێك لە جوتیارانی ناحیەی دارەتوو داوای كارەبای زیاتر دەكەن و بەرپرسی دابەشكردنی كارەباش دەڵێت زیادكردنی كارەبا لە دەستی ئەواندا نییە.

ناحیەی دارەتوو سەر بە قەزای بەردەڕەشە لە پارێزگای دهۆک.

بەشێكی زۆر لە جوتیارانی ناحیەکە سەرقاڵی چاندنی پەتاتەن، بۆ ئەوەش پێویستیان بە ئاوێكی زۆر هەیە، پشت بە ئاوی بیر دەبەستن، ئێستا رۆژانە تەنیا 15 كاتژمێر كارەبایان پێدەدرێت، پێشتر 21 كاتژمێر كارەبایان پێدەدرا بۆ ئەوەی بتوانن بە كارەبا ئاو لە بیرەكان دەربكەن و پەتاتەكەیان ئاو بدەن.

حسێن رۆژبەیانی جوتیارێكی ناحیەی دارەتووە، قسەی بۆ 964 كردووە، “پەتاتە ئاوی زۆر پێویستە داوامانكردووە كارەبامان بۆ زیادبكەن بۆ ئەوەی بتوانین بەردەوام ئاوی پەتاتە بدەین ئەگەر وانەكەین كێڵگەكەمان لەناودەچێت”.

زەوییە كشتوكاڵییەكانی دەوروبەری ناحیەی دارەتوو، لەلایەن جوتیارانەوە دەكرێت بە پەتاتە، بەهۆی ئەوەی تێچوی كەمە و بەرهەمی زۆرە و هەروەها خزمەتی كەمتری دەوێت.

ئەرشەد محەمەد، بەڕێوەبەری كارەبای بەردەڕەش بە 964ـی وت، ناتوانن كارەبا بۆ جوتیارەكان زیادبكەن لەبەرئەوەی لە دەستی ئەواندا نییە و لە سەرو ئەوانەوە كارەبا دەدرێت بە قەزا و ناحییەكان، ئەوان تەنیا دابەشی دەكەن. وتیشی کە داواكاری و گلەیی جوتیارەكان گەیەندراوەتە بەڕێوەبەرایەتی كارەبای دهۆك و داواشكراوە بەهانایانەوە بچن، لەگەڵ ئەوەدا پلانێك دانراوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

ئەمساڵ لە سنووری قەزای بەردەڕەش نزیکەی 25 هەزار دۆنم زەوی پەتاتە چێندراوە و پێشبینی دەکرێت بەرهەمەکەی 250 هەزار تۆن دەربچێت.

پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد