وەزارەتی کشتوکاڵ: هێشتا قۆناغی وشکەساڵیمان تێنەپەڕاندووە
964+
فەهمی نەبی
رۆژی جیهانیی بەرەنگاربونەوەی بەبیابانبون و وشکەساڵیە، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم دەڵێت، هێشتا قۆناغی وشکەساڵێمان تێنەپەڕاندووە.
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1994-ەوە رۆژی 17ی حوزەیرانی هەموو ساڵێکی دیاریکردووە وەک رۆژی بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون و وشکەساڵی، ئەمساڵ تەرخانکراوە بۆ هۆشیاری لە بارەی مافی خاوەنداریەتیی ژنان بۆ زەوی کشتوکاڵی.
بە گوێرەی خەمڵاندنەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، تا ساڵی 2050 سێ لەسەر چواری جیهان رووبەڕووی وشکەساڵی دەبێتەوە.
بڕیارە ئەمساڵ لە بارەگای نەتەوە یەکگرتوەکان چالاکییەکانی پەیوەست بەو رۆژە بەڕێوەبچن.
بە گوێرەی ئامارێک کە رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە بڵاویکردووەتەوە، ماوەی شەش ساڵە لەسەر یەک، عێراق لە پلەی پێنجەمی ئەو وڵاتانەیە کە مەترسی وشکەساڵی و بەبیابانبونی خاکەکەی لەسەرە، هاوکات سەبارەت بە هەرێمی کوردستان رێکخراوەکە رایگەیاندووە، هیچ ئامارێک بەردەست نییە.
لەمەوبەر وەزیری ژینگەی عێراق رایگەیاندبوو، ساڵانە عێراق 100 هەزار دۆنم زەوی لەدەستدەدات بەهۆی کاریگەریەکانی وشکەساڵیەوە.
ئەو رێکخراوە رایگەیاندوە، هۆکارەکانی وشکەساڵی لە عێراق کەمی رێژەی باران بارین و هاوکات بڕینی لقەکانی سەرچاوەی رووباری دیجلە لەلایەن ئێران و کەمبونەوەی بەردانەوەی ئاوی فورات لەلایەن تورکیا دەگەڕێتەوە.
هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، “هێشتا قۆناغی وشکەساڵیمان تێنەپەڕاندووە، ساڵی پار لەدەشتی هەولێر و گەرمیان وشکە ساڵی هەبوو، ئەمساڵ هیچ شوێنێک وشکەساڵی نەبووە لە هەرێم”.
راپۆرتێکی ماڵپەری سەنتەری پۆلیتزەر ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی عێراق ساڵانە %49ی بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی بەفیڕۆ دەڕوات.
عێراق لە رێگەی بانکی ناوەندیەوە لەساڵی 2022 رایگەیاند، ئەو بودجەیەی بۆ رووبەڕوونەوەی وشکەساڵی تەرخانی کردووە 17 ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە.
لە ئاداری ئەمساڵ کۆنگرەیەک بۆ رووبەڕوونەوەی قەیرانی ئاو لە نیۆرک بەسترا، لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، عێراق رووبەڕووی قەیرانێکی کەمئاوی بێ وێنە بۆتەوە.
بەپێی سەروسۆراغی 964 تا ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمی نییە، بۆ ئەوەی دەریبخات هەرێمی کوردستان لە چ قۆناغێکی وشکەساڵیدایە.
شارەزایانی وشکەساڵی دەڵێن، سێ جۆری وشکە ساڵی هەیە، وشکەساڵی کەشناسی (کەمی رێژەی باران بارین)، وشکەساڵی کشتوکاڵی (کەمی رێژەی شێ لە خاک) و وشکەساڵی هیدرۆلۆجی (کەمبونەوەی رێژەی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی).