لە گوندێکی بەردەڕەش لەسەر کێشەی ئاو چوار کەس بریندار بوون

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

لە گوندی کەونەباک بەهۆی کێشەی ئاو، شەڕ لەنێوان دوو خێزان دروست بووە و چوار کەس بریندار بوون.

گوندی کەونەباک دەکەوێتە سنوری قەزای بەردەڕەش لە پارێزگای دهۆک.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە گوندی کەونەباک بە 964ی راگەیاند، “بەر لە چەند رۆژێک، گرژی کەوتە نێوان دوو ماڵ، بەڵام بەهەوڵی چەند کەسێک گرژیەکان هێوربوونەوە، سەرەتای کێشەکە لەسەر ئاو بووە، یەکێک لەو خێزانانە وتویەتی غەدرمان لێدەکرێت لە بیری گوند ئاو ناگاتە ماڵەکەیان، ئەو خێزانەیان بە هۆکاری ئەو کەمئاویە زانیووە”.

عەمید سەعدی بەرزنجی، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەردەڕەش بە 964ی وت، “لەسەر ئەو بابەتە قسە ناکەین، لەبەرئەوەی گرفتی نێوان دوو خێزانە”.

ئەو کەسەی لە گوندی کەونەباک قسەی بۆ کردین دەڵێت، “ئەمڕۆ هەینی شەڕەکە لە نزیک مزگەوت دروستبوو، نزیکەی نیو کاتژمێری خایاند، کەس نەیدەتوانی لە ماڵ بێتە دەرەوە، دواتر پۆلیس گەیشتنە شوێنەکە و تەقە وەستا”.

بەگوێرەی قسەی ئەو هاوڵاتیەی گوندی کەونەباک، چوار کەس بریندار بوون، بەڵام برینەکەیان سووکە و بە گولـلە نەبووە، بەڵکو بە شەڕی دەستەویەخە بریندار بوون.