دەڵێن لۆد کەمبووەتەوە

لیژنەی ئابوری چۆمان رێکاری نوێی بۆ نۆرەی بەنزین راگەیاند

ئەحمەد مستەفا

لیژنەی ئابووری چۆمان دەڵێ، نابێ لەکاتی وەرگرتنی بەنزین، ئۆتۆمبێلەکە بە دەست منداڵی خوار 18 ساڵەوە بێت و لەمەبەدوا هەر ژنێک دووبارە لە نۆرەی بەنزین ببینرێ لێپرسینەوەی لێ دەکرێ.

وە دەڵێ، ئێستا بەهۆ رێکارەکانەوە قەرەباڵەغی و لۆد لە بەردەم بەنزینخانەکان نەماوە.

لیژنەی ئابوور چۆمان لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ چوارشەممە 28.10.2026 رایگەیاند، بەهاوکاری بەشی هاتوچۆی چۆمان و لیژنەی سووتەمەنی و پۆلیسی فریاکەوتنی چۆمان بەرنامەیەکی تۆکمە داندراوە بۆ ئەوەی ئەو جەنجاڵی و نۆرەگرتنەی پێش هاتنی بەنزین لە قەزاکەمان نەمێنێت.

هەر شۆفێرێک پێشوەختە نۆرەی بەنزین بگرێت و ببێتە هۆکاری جەنجاڵی و سیمایەکی ناشارستانی لە قەزاکەمان لەلایەن کارمەندانی پۆلیسی هاتووچۆ لێپێچینەوەی یاساییان بەرانبەر دەگیرێتەبەر.

جگە لەوەی تیمی پۆلیسی هاتووچۆ بەردەوام لەکاتی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراو بەدواداچوون دەکەن، هاوکات لێپێچینەوەش لەسەر ( بەراوردی ژمارەی تابلۆ و ساڵیانە و مۆڵەتی شۆفێری بۆ ئەو منداڵانەی تەمەنیان لەخوار 18 ساڵیە) دەکەن و رێکاری تایبەتی خۆیان دەگرنەبەر. ئەو ئافرەتانەیشی دووبارە لە نۆرە دەبیندرێنەوە تووشی لێپێچینەوە دەبن.

لیژنەکە دەڵێ، جێبەجێکردنی ئەم رێکارانە لەچوارچێوەی ئەو رێنماییانە دێت کە لەسەر ئاستی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گیراونەتەبەر و لە کۆبوونەوەی رۆژی 4.10.2026 بە ئامادەبوونی ( جێگری سەرپەرشتیار، بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆ، بەڕێوەبەری هاتووچۆ، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکان) لە دیوانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەرکراون.