لێتێگەیشتنێک بۆ بەگەڕخستنەوەی پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان واژوو کرا

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

بۆ بەگەڕخستنەوەی پرۆژەی پاڵاوتنی ئاوی دەربەندیخان، ئەمڕۆ سلێمان محەمەد قایمقامی قەزاکە چووە هەولێر و لەوێ رێککەوتنێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار واژوو کرد.

کۆمپانیای “ئۆهیتان” پرۆژەکە جێبەجێدەکات و لەبەرامبەردا 10 ملیۆن دۆلاری پێدەدرێت بۆ تەواوکردنی ئەو بەشەی کە ماوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، قایمقامیەتی دەربەندیخان لە فەیسبووک رایگەیاند، لایەنی جێبەجێکار و قایمقام رازیبوون بە مەرجەکانی یەکتر و دواتر رێککەوتنی لێکتێگەشتن و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان لەسەر بەگەڕخستنەوەی پرۆژەکە واژوو کرد.

“کۆمپانیای جێبەجێکار راسپێردرا بەزووترین کات مامەڵەی یاسایی ئەنجامبدەن تاوەکو هەرچی زووترە ئامێر و کەرەستەی میکانیکی و پێویستییەکانی پرۆژەکە دابین بکەن”، قایمقامیەتی دەربەندیخان وا دەڵێت.

پرۆژەی پاڵاوتنی ئاو گوژمەکەی 19 ملیۆن دۆلارە و 10 ساڵە بە هۆی قەیرانی دارایی و نەدانی پارە بە کۆمپانیا کارکردن تێیدا وەستاوە و لە 50%ی کارەکانیشی تەواو بوون.

کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە کۆمپانیایەکی تورکییە و داوای 10 ملیۆن دۆلار دەکات بۆ ئەوەی کارەکانی دەستپێبکاتەوە تا ئێستا لەماوەی کارکردنیدا یەک سلفەی پێدراوە بە بڕی چوار ملیۆن و 500 هەزار دۆلار.