لە کەرکوک دوو بەرپرسی باڵای داعش دەستگیرکران

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە کەرکوک دوو کەس بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیرکران، هێزە ئەمنییەکانیش دەڵێن، هەردووکیان پۆستی باڵایان هەبووە لەنێو رێکخراوی داعش.

دژەتیرۆر (CTG) لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردووەتەوە، ناسنامەی دەستگیرکراوەکانی ئاشکراکردووە و دەڵێت “سەعد ئیسماعیل نەجم عەبدوڵا البیلاوی” و “عومەر ئیسماعیل نجم عەبدوڵا البیلاوی”، بەرپرسی باڵای داعش بوون.

دەستگیرکراوەکان برای “عەدنان ئیسماعیل نجم عەبدوڵا البیلاوی”ـین کە بە وتەی دژەتیرۆر، “یەکێک بووە لە بەرپرسانی دەستەی جەنگی ویلایەتی عێراقی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی، لە هەریەکە لە ئەنبار و موسڵ بەشداری جەنگی کردووە و لەسەر دەستی هێزە عێراقییەکان کوژرا”.

ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی ئەو دوو تۆمەتبارە لەلایەن دژەتیرۆر و هێزی هێرشبەری سەر بە پۆلیسی کەرکوک و لیوای مغاویری سەر بە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، ئەنجامدراوە.