لەگەڵ بەغدا گفتوگۆی بەردەوامیان دەبێت

مەسرور بارزانی: نەوتی عێراق لە رێگەی بۆڕییەکانی هەرێمەوە هەناردە بکرێت

فەرهاد حەسەن

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا لە زووترین کاتدا رێگە بدرێت نەوتی عێراق لە رێگەی بۆڕییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە بکرێت، ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ تێپەڕاندنی ئەو “بارودۆخە نائاساییەی” رووبەڕووی وڵات بووەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، کە مەسرور بارزانی رایگەیاندووە، بەهۆی ئەو بەرپرسیارێتییەی لەسەر شانیانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخە سەختەکە، بڕیاریان داوە پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆڕیی هەرێمی کوردستانەوە دەستپێبکاتەوە.

هاوکات لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیش گفتوگۆکانیان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی بە پەلە ئەو رێگرییانەی خراوەتە سەر هاوردە و جوڵەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان هەڵبگیرێن، هەروەها دابینکردنی گەرەنتی بۆ کۆمپانیاکانی نەوت و گاز تا بتوانن بە سەلامەتی دەست بە بەرهەمهێنان بکەنەوە.