وەزارەتی کارەبا: ٥٨٪ی کارەبای پێویستمان هەیە

964+
كوردستان ئەحمەد – هەولێر

بەرەو وەرزی زستان دەچین و رۆژ بە رۆژ خواست لەسەر کارەبا زیاد دەکات، وەزارەتی کارەباش دەڵێت، تەنیا دەتوانن ٥٨٪ی کارەبای هاوڵاتیان دابین بکەن.

رێژەی ٥٨٪ دەکاتە نزیکەی ١٤ کاتژمێر لە ٢٤ کاتژمێری شەو و رۆژێکدا.

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بۆ 964+ی روونکردەوە و وتی، “خواست لەسەر كارەبا گەیشتووەتە ٦٠٠ هەزار مێگاوات، بەڵام توانای وەزارەت ٣٥٠ هەزار مێگاواتە”.

ئەو دەڵێت، بەهۆی ئەوەی كارەبا لە هەرێمی كوردستاندا سەرچاوەی یەكەمی پڕكردنەوەی پێداویستیەكانە، ئەوا توانای دابینكردنی ئەو هەموو خواستەیان نییە.

ئێستا بەپێی بەرنامەی وەزارەتی کارەبا، پێدانی كارەبا بەگوێرەی جوگرافیا و کەش و هەوای ناوچەکان دەگۆڕدرێت، لە گەرمیان رۆژانە ١٧ كاتژمێر كارەبا دەدرێت و لە هەولێر و دهۆك ١٢ بۆ ١٣ كاتژمێرە، لە سلێمانی و هەڵەبجە ١١ کاتژمێرە.

ساڵی رابردوو ئەم کاتانە، کارەبا هەر بەم جۆرەی ئێستا بووە، تەنیا لە سلێمانی کاتژمێرێک بۆ دوو کاتژمێر کەمیکردووە، بە قسەی ئومێد ئەحمەد.

جگە لە کەمیی مێگاواتەکانی کارەبا، هاوکات نەبوونی سوتەمەنی پێویست بۆ وێستگەکان و کۆنی کەلوپەلەکانی ناو وێستگەکان، دوو هۆکاری دیکەی خراپی ئاستی کارەبان لە هەرێمی کوردستان.