مامۆستایانی خانەقین داوا دەکەن بخرێنە سەر حکومەتی ناوەند

964+

راژان باجەڵان – خانەقین

ژمارەیەک لە مامۆستایانی خانەقین لە بەردەم پەروەردە گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ژمارەیەک لە مامۆستایان لە پەروەردەی خانەقینی سەر بە حکومەتی ناوەند گردبوونەوە و دژی ئەوەی راژەکانیان لە سەر میلاکی هەرێمەوە نەگوازراوەتەوە سەر عێراق.

عەلی سۆفی، یەکێک لەو مامۆستا نارازیانە بە 964ـی وت، وەک مامۆستایانی خەنەقین گردبوونەتەوە بۆ ئەوەی پەیام بگەیەننە حکومەتی ناوەند و هەرێمی کوردستان، کە چیتر خەمسارد نەبن بەرامبەر گواستنەوەی راژەکانیان بۆسەر بەغدا.

داوای ئەو مامۆستایانە لە کاتێکدایە وەک خۆیان دەڵێن، سەرەڕای چەندین بەڵێن لە پرۆژە یاسای بودجەدا پشتگوێخراون.

هیوا یوسف، یەکێکی تر لە مامۆستایان بە 964ـی وت، ئەگەر موچەکانیان بگوازرێتەوە سەر بەغدا کێشەی دواکەوتنی موچەیان چارەسەر دەبێت و دەتوانن قەرز لە حکومەت وەربگرن و هەروەها زەویشیان پێ دەدرێت.

مامۆستایان ئاماژەیان بەوەکردووە ئەگەر وەڵامیان نەدرێتەوە بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان و خێمە هەڵدەدەن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی